ڕۆژی شەممەی داهاتوو بە سەرەتای ڕەمەزان داده‌نرێت
16/07/2012

 

"ڕۆژی پێنجشەممە بە هیچ شێوەیەك مانگ لە ئاسۆی كوردستان و وڵاتانی ئیسلامیدانابیندرێت و ئەگەر كەش وهەوا لەبار بێت، خەڵكی كوردستان ڕۆژی هەینی تەنیا بۆ ماوەی 10 خولەك چانسی بینینی هیلالی مانگیان دەبێت."

(ئەژی چەتۆ) كە ئەندامی پڕۆژەی ئیسلامیی ڕوانگەكردنی هیلالی مانگیشە، دەڵێت: "بە پێی لێكدانەوە گەردوونناسییەكان، ڕۆژی شەممەی داهاتوو واتە 21/7 یەكەم ڕۆژی ڕەمەزانە."

هیلالی مانگ لە ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی مانگ بە گوتەی (ئەژی چەتۆ) بە هیچ شێوەیەك لە ئاسۆی كوردستان و وڵاتانی ئیسلامی و ئەمەریكا و ئەورووپایشدا نابیندرێت.

ئەو دەڵێت: "ئاوابوونی مانگ لە ڕۆژی پێنجشەممەدا 3 خولەك زووترە لە ئاوابوونی ڕۆژ؛ هەر بۆیە خەڵك ناتوانن بیبینن." ڕۆژی هەینییش چانسی بینینی مانگ لە كوردستاندا زۆر نییە و مانگ لە ئاسۆی كوردستاندا لە سەعات 07:14 خوله‌کدا بە دیار دەكەوێت كە خەڵكی هەرێم تەنیا 5 تا 10 خولەك دەرفەتی بینینیان هەیە.

دەستنیشانكردنی شوێن و كاتی دەركەوتنی هیلالی مانگ پشت بە زانستی گەردوونناسی دەبەستێت كە وەك سەرۆكی كۆمەڵەی ئارەوومەندانی گەردوونناسی ئاماژەی پێ دەدات، ئەوان دەتوانن هەر لە ئێستاوە بە پێی حیساباتی گەردوونی، پێشبینیی دەركەوتنی مانگ تا هەزار ساڵی ئاییندەیش بكەن و یەك چركەیش هەڵەی تێدا نەكەن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم (مەریوان نەقشبەندی) ئاشكرای دەكات كە هەتا ئێستا مامۆستایانی ئایینیی هەرێم زۆر بڕوایان بە شێوازە تازەكان و ئامێرەكانی دیتنی مانگ نییە و خۆیان و خەڵك لە بەرزاییەكان هەوڵی بینینی مانگ دەدەن.

ئەو دەڵێت: "ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی مانگ لیژنەی بینینی مانگ هەوڵی دیتنی مانگ لە بەرزاییەكان دەدەن و بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی وەقفی سووننە لە بەغدا بڕیار لەسەر یەكەمین ڕۆژی ڕەمەزان دەدرێت."

19ـی مانگی 7ـی زایینی یەكسانە لەگەڵ 29ـی شەعبان. بە پێی ئایینی ئیسلام ئەگەر ئێوارەی ڕۆژی 29ـیەمین ڕۆژ مانگ بینرا، ئەم مانگە 29 ڕۆژە، ئەگەریش نەبیندرا، مانگەكە بە 30 ڕۆژ لە قەڵەم دەدرێت و ڕۆژی پاشتری سەرەتای مانگی تازە دەست پێ دەكات.

دیاریكردنی ڕۆژی یەكەم و كۆتایی ڕەمەزان هەموو ساڵێ دەبێتە مایەی مشتومڕی موسوڵمانان بە تایبەت لە عێراق كە دوو مەزهەبی شیعە و سوننەی تێدایە.

بە گوتەی (مەریوان نەقشبەندی) ناكۆكیی نێوان شیعە و سوننە لەو بوارەدا ئەوەندە زۆرە كە هەرگیز پێكەوە لەسەر ڕۆژێك بۆ سەرەتای ڕەمەزان ڕێك نەكەوتوون. (نەقشبەندی) نایشارێتەوە بە پێی یاسا ئێستا دوو وەقفی شیعە و سووننە لە بەغدا دروست بوون كە هەندێ جار سەرەتا و كۆتایی ڕەمەزان لە نێوانیان دوور ڕۆژ لێك دوورن.

سەرۆكی كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی گەردوونناسانی (ئەژی چەتۆ) لەو بڕوایەدایە كە كلیلی كردنەوەی ئەو گرێیە، پشتبەستن بە زانستی گەردوونناسییە و دەڵێت: "ئەگەرچی وەزارەتی ئەوقاف خۆی هیچ ئامێرێكی پێشكەوتووی نییە تا مانگی پێ ببینێت، پێوەندیش بە ئێمەوە ناكات تا یارمەتیی بدەین."

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف (مەریوان نەقشبەندی) نایشارێتەوە كە هەماهەنگییان لەو بوارەدا لەگەڵ كۆمەڵەی ئارەزوومەندانی گەردوونناسی نییە و پشتبەستن بەو زانستە پێویستی بە فەتوای زانایانی ئایینی هەیە كە هەتا ئێستا بڕیاریان لێ نەداوە.

پاشخان
بە پێی زانستی گەردوونناسی، مانگ بە خێرایی 3 هەزار و 659 كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، لە دەوری زەوی دەگەڕێت و یەك خول بە 29.53 ڕۆژ دەبڕێت.

لەبەر ئەوەی مانگ لە نێوان ڕۆژ و زەویدا هەڵكەوتووە، لە شەواندا تیشكی ڕۆژی پێ دەكەوێت و ئێمە لەسەر زەوی مانگەكە دەبینین.

بە هۆی ئەوەی مانگ بەردەوام بە دەوری زەویدا دەگەڕێت، ئەو تیشكەی لە ڕۆژەوە پێی دەگات، هەمیشە وەك یەك نییە.

سەرەتادا تەنیا هیلالە و پاشان ئەستوورتر دەبێت. لە چواردەیەمین شەودا كە تیشكی ڕۆژ هەموو مانگ دادەپۆشێت، مانگێكی ڕووناك لەسەر زەوی بە دیار دەكەوێت. ئەو ڕەوتە بەردەوام دەبێت و لە مانگێكدا دوو جار ڕوو دەدات. سووڕانەوەی مانگ بە دەوری زەویدا، ڕۆژژمێری بۆ خەڵكی سەرزەوی دروست كردووە.

گوتەی پێغەمبەری ئیسلام سەبارەت بە دەستپێكی مانگی ڕەمەزان: "بۆ دیاریكردنی سەرەتای مانگی ڕەمەزان، هەوڵی دیتنی مانگ بدەن، ئەگەر بینیتان، ئەوا بیكەن بە ڕەمەزان و ئەگەر نەتانبینی، 30 ڕۆژی مانگی شەعبان تەواو بكەن، ئەوجا پاشان بیكەن بە ڕەمەزان."

بە پێی شەرعی ئیسلام، ئەگەر كەسێك مانگی بینی، پێوستە لە لای سەرۆكی یەكەی ئیداریی خۆی بە ئامادەبوونی دوو شاهید سوێند بخوات و ئەوانیش ڕەمەزان ڕادەگەیەنن. ئەمە ئەو كارەیە كە بۆ دیاریكردنی دوایەمین ڕۆژی ڕەمەزان و جەژنەكەیشی دەكرێت.
 
ژماره‌ی بینین‌ : 2249
کۆمێنت
هێچ کۆمێنتێک بەردەست نیە
کۆمێنتی خۆت بنێرە
ناو :  
ئیمێڵ :   
کۆمێنت :
 
زیاتر ...
٦ خاڵ بۆ ئەوەی وابکەیت مێردەکەت قەت تۆی بیرنەچێت ...
لە ڕێگەی جۆری دەست و پەنجەتەوە، کەسایەتی خۆت بناسە ...
‌لەپی دەستت چەند نهێنیەكت بۆ ئاشكرا دەكات ...
‌تەماشاكردنی چاوی كەسی بەرامبەر ئەم كاریگەریەی دەبێت ...
‌ئەم هەڵانە پەیوەندی نێوان هاوسەرەكان دەشێوێنێت ...
‌سودی میوە ڕەنگ سورەكان بزانن ...
هەشت خاڵ بۆ پاراستنى تەندروستى مێشکت ...
‌ڕۆژانە ئەم پێنج ڕەفتارە بەرامبەر منداڵەكەت دوبارە بكەرەوە ...
هۆتێلە هەرزانەکانی شارێکی چین پێشوازی لە هاوڵاتیانی عێراقی ناکەن‎ ...
دەڵێ شەش ساڵە سێكسی توندم لەگەڵدا دەكات ...
12345
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll