هونه‌رمه‌ند حسێن شه‌ریفی
ماوه‌یه‌كی زۆره له‌نێو جیهان‌و كه‌لتوری ڕه‌سه‌نی كوردیدا، خزمه‌ت به‌هونه‌ری گۆرانی كوردی ده‌كات‌و له‌م ڕووه‌وه‌ش چه‌ندین گۆرانی‌و ئه‌لبوومی به‌رهه‌مهێناوه.
ئه‌و له‌ساڵی 1951 له‌شاری سنه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاتۆته دنیاوه‌و وه‌ك خۆی ده‌ڵێت (هه‌ر له‌ته‌مه‌نی منداڵیه‌وه هه‌ستی بۆ هونه‌ری كوردی جوڵاوه).
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه له‌گه‌نجان ده‌گرن، با سه‌ره‌تا خۆیان گه‌نجان په‌روه‌رده بكـــه‌ن
له‌سویده‌وه بۆ هه‌ولێر
گۆڤاری ئاوێزه له‌دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تدا وێرای خسته ڕووی ژیان‌و به‌رهه‌مه‌كانی، گفتوگۆیه‌كی له‌سه‌ر ململانێ‌و ناكۆیی له‌سه‌ر دوو ستایلی جیاوازی كلاسیكی كۆن‌و ستایلی ئێستا له‌نێوان هه‌ردوو توێژی به‌گه‌نجان‌و به‌ئه‌زموونه‌كان له‌لایه‌ك‌و له‌لایه‌كی تره‌وه ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی گه‌نج كه هه‌ندێكجار ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه ده‌بنه‌وه له‌گه‌ڵ حسێنی شه‌ریفی هونه‌رمه‌ند ئه‌نجامدا.
هونه‌رمه‌ند شه‌ریفی كورته باسێكی خۆی كرد‌و وتی : ماوه‌ی 6ساڵه هاتوومه‌ته‌وه كوردستان‌و له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێم، دوایئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2000 تاكو ساڵی 2005له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات ژیانم به‌سه‌ربرد، له هه‌ریه‌ك له‌وڵاته‌كانی ئێران‌و سوید، دواتر گه‌ڕامه‌وه كوردستان‌و لێره‌ش جگه له‌كاری هونه‌ری‌و كاری كار‌و باری كارگێڕیش ده‌كه‌م كه كاره‌كه‌م له‌چوار چێوه‌ی ڕاگه‌یاندندایه.
خۆشه‌ویستی و میهر و میهره‌بانی
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی چ ڕێكه‌وتێكه هونه‌رمه‌ند حسێن شه‌ریفی ڕووی كردۆته نێوه‌ندێكی ڕاگه‌یاندن‌و تیادا كار ده‌كات، ناوبراو ئاشكرایكرد: پێشتر له‌ئێران كاری ڕاگه‌یاندنم كردووه‌و ئه‌و ده‌زگایانه‌ی كه‌من تیایدا كارم كردووه بریتین له(ڕۆژنامه‌ی ئاشتی)و (ڕۆژنامه‌ی ئاڤیده‌ر)و (ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ) كه‌تیایدا به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شێكی ئه‌و ڕۆژنامانه بوومه، به‌ڵام گه‌ر من هه‌ر پیشه‌و هه‌ڵسوكه‌وتێكم هه‌بێت زیاتر به‌هونه‌رمه‌ند ده‌ناسرێم بۆیه ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر هونه‌ر بدوێم، هونه‌ر شتێكی پیرۆزه، به‌تایبه‌تی هونه‌ری موزیك، ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی وه‌ك هونه‌رمه‌ندێك نیشانده‌دات هه‌ڵگری ئاڵایه‌كه بۆ پیرۆزی‌و ڕێ نیشاندان‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی و میهر و میهره‌بانی، بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی خۆی ئاگاداربكاته‌وه به‌وه‌ی كه ئێوه خاوه‌نی ئه‌م هه‌موو خۆشه‌ویستییه‌ن، جا به‌گۆرانی و شیعر و موزیك ئه‌وپه‌یامه‌ی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت.
ئه‌و گه‌نجانه جێی گله‌یی نین
*هونه‌رمه‌ند له گه‌رمه‌ی ئه‌و وتانه‌ی سه‌ره‌وه، ڕاسته‌وخۆ په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئه‌مڕۆی هونه‌ری كوردی هه‌ڵدایه‌وه‌و وتی : به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی گوتم په‌یامی هونه‌رو موزیك ئه‌وه‌یه، له‌ئێستادا و له‌ڕه‌وشی ئێستای هونه‌ری كوردی به‌مشێوه‌یه به‌دی ناكرێت‌و هه‌ستده‌كرێت هونه‌ری بیگانه هاتۆته نێو مه‌یدانه‌كه، ئه‌و لاو و گه‌نجانه‌ی تازه دێنه نێو جیهانی هونه‌ره‌وه هه‌ندێكیان ڕاسته‌وخۆ دێن‌و هونه‌رێكی بێگانه به‌هونه‌ری كوردی ده‌لكێنن، من لێره‌دا ده‌ڵێم ئه‌و گه‌نجانه جێی گله‌یی نین، چونكه ده‌بێت سه‌ره‌تا ئه‌وگه‌نجانه له‌سه‌ر هونه‌ری ڕه‌سه‌ن په‌روه‌رده‌بكرێن‌و ئه‌وكات ئه‌گه‌ر كارێكی بێگانه‌یان ئه‌نجامدا ڕه‌نگه جێی گله‌یی بن، بۆیه شتێكی زۆر ته‌ندروست نییه هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌كان گله‌یی بكه‌ن به‌ڵكو ده‌بێت ئه‌وان ڕۆڵیان هه‌بێت له‌ئاشناكردنی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی كوردی به‌نه‌وه‌ی ئێستا‌و ئه‌و گله‌ییانه‌یان بخه‌نه خاڵی دووه‌مه‌وه، بۆیه هیوادارم گه‌نجان‌و لاوانمان ئه‌وانه‌ی تازه دێنه نێو هونه‌ره‌وه یاخود له‌نێو گۆره‌پانه‌كه‌دان، پێویسته ماندووبونی زۆر بكێشن‌و هه‌وڵی زۆر بده‌ن تاكو هونه‌رمه‌ندێكی سه‌ركه‌وتوویان لێده‌ربچێت.
هه‌قی خۆیانه حه‌ز به‌مقاماتی ڕه‌سه‌ن نه‌كه‌ن
حسێنی شه‌ریفی؛ ڕاشكاوانه باسی له‌زه‌وق‌و سه‌لیقه له‌نێوان گه‌نجان‌و به‌ته‌مه‌نه‌كان كرد‌و وتی: شتێكی ئاساییه گه‌نجانیش ستایلی تایبه‌ت به‌هونه‌ری خۆیان هه‌بێت، بۆ نموونه گه‌ر به‌ساڵاچوویه‌ك هه‌رگیز حه‌زنه‌كات‌و پێی خۆش نه‌بێت گوێ له‌ستایلێكی هونه‌ری وه‌كو (پۆپ و رۆك) بگرێت، له‌به‌رامبه‌ردا گه‌نجانیش هه‌قی خۆیانه حه‌ز به‌مقاماتی ڕه‌سه‌ن نه‌كه‌ن! بۆیه من ئه‌مه به‌شتێكی ئاسایی ده‌زانم، زۆر جار لێره‌و له‌وێ ده‌یبینین‌و ده‌یبیستین ڕه‌خنه له‌هونه‌ری گه‌نجان ده‌گیرێت‌و له‌هه‌مانكاتدا گه‌نجانیش سه‌رنجیان هه‌یه جامن لێره‌دا هه‌ردوو ڕه‌خنه‌و بۆچوون به‌ڕاست نازانم، چونكه سایكۆلۆژیای ئه‌م چینه جیاوازه به‌وه‌ی كه‌به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ساڵاچوان جا به‌هونه‌رمه‌ندو گوێگره‌وه حه‌ز به‌هونه‌ری كلاسیكی ده‌كه‌ن‌و هه‌روه‌ها گه‌نجانیش حه‌ز به‌موزیكی ناسك‌و جۆش‌و خرۆشی ده‌كه‌ن، له‌ئه‌نجامی ئه‌وململانێیه‌دا دنیای منداڵان‌و جگه‌ر گۆشه‌كان پشتگوێ ده‌خرێت بۆیه هیوادارم ئیتر گرینگی زۆر به‌موزیكی منداڵان بدرێت‌و په‌ره‌ی پێ بسێندرێت.
وتیشی: زۆر چاوم ڕوونه به‌هونه‌ری گه‌نجان‌و ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرن، با یه‌كه‌م شت یارمه‌تیان بده‌ن‌و ده‌ستیان بگرن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وانیش هه‌ست به‌وه بكه‌ن كه ئایا ئه‌و هونه‌ره‌ی پێشكه‌شی میلله‌ته‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن هونه‌رێكی ڕه‌سه‌نه یاخود هونه‌رێكی نه‌خوازراوه.
هه‌روه‌ك ئاشكرایكرد: با ئیتر له‌بری ڕه‌خنه گرتن كردار ئه‌نجامبدرێت، با ئه‌و ستایله تازه‌یه‌ش هه‌بێت وه‌ك چۆن ستایلی كلاسیكیمان هه‌یه‌و چۆن ستایلی كلاسیكی ڕه‌فز ناكرێت ئه‌وا ده‌بێت دان به‌وه‌ش دابندرێت ئه‌و ستایله‌ی ئێستاش هاتۆته نێو نه‌وه‌ی ئێستای گه‌له‌كه‌مان ره‌فز نه‌كرێت، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه باهه‌بێت به‌ڵام به‌مه‌رجێك ڕه‌سه‌نایه‌تی كوردی نه‌شێوێنێت‌و په‌راوێزی نه‌خات، جا لێره‌دا ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌بێت ده‌ورێكی دیاریان هه‌بێت له‌دابه‌زاندن‌و به‌یه‌كه‌وه گونجاندنی ئه‌و جۆره ستایله جیاوازانه.
دووره په‌رێزو گۆشه‌گیربووم
*پێمان خۆش‌بوو له‌م كه‌شه جدیه بێینه‌ده‌رو هونه‌رمه‌ند حسێنی شه‌ریفی باسی سرووشتی كه‌سایه‌تی خۆیمان بۆ بكات، له‌وه‌ڵامدا وتی: له‌منداڵیه‌وه تا ئێستا كه‌سێكی هێمن‌و له‌سه‌ر خۆ بوومه‌و زیاتر دووره په‌رێزو گۆشه‌گیربووم‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شه‌رمن بووم، زۆرجار كاتێك كارێكم هه‌بووه‌و ویستومه داوا بكه‌م، به‌ڵام ئه‌ده‌ب‌و شه‌رمنیم رێی پێنه‌داوم، له‌و كه‌سانه نه‌بوومه كه‌خۆم هه‌ڵبقورتێنمه ئیش‌و كاروباری خه‌ڵكه‌وه ئه‌وانه‌ش سروشتی كه‌سایه‌تی خۆم بوون.
زۆركه‌س كه‌س ده‌ڵین گه‌وره‌ترین خه‌ونی منداڵیم هه‌بووه نه‌هاتۆته دی، به‌ڵام هونه‌رمه‌ند حسێنی شه‌ریفی به‌پێچه‌وانه‌وه وتی: ئه‌گه‌ر ئێستا بمبه‌نه‌وه سه‌ره‌تای منداڵیم ئه‌وا هه‌ر ئه‌و ڕێگه‌یه هه‌ڵده‌بژێرم‌و ده‌یگرمه‌به‌ر كه تاكو ئێستا لێوه‌ی هاتووم، ئه‌ویش به‌وه‌ی كه له‌لایه‌كه‌وه بره‌وم به‌خوێندنی خۆمداوه‌و له‌لایه‌كی تریش خزمه‌تی هونه‌ری كوردیم كردووه‌و پێشكه‌شم كردووه.
خۆشه‌ویستیم كردووه
*هونه‌رمه‌ند حسێن شه‌ریفی-یمان هێنایه‌وه سه‌ر ته‌مه‌نی گه‌نجَیتی‌و وتی: قۆناغی گه‌نجێتیم خراپ نه‌بوو، ده‌توانم بڵێم باشبووه، به‌پێكه‌نینه‌وه وتی: بێگومان خۆشه‌ویستیم كردووه چۆن ده‌بێت هونه‌رمه‌ند بێ خۆشه‌ویستی بژێت!
سه‌باره‌ت به‌ژیانی خێزانداری ناوبراو ئاشكرایكرد: باوكم له‌ته‌مه‌نی 102ساڵی كۆچی دوایی كردووه‌و دایكیشم ماوه، ئێستا من خێزاندارم‌و كچێك‌و كوڕێكم هه‌یه‌و كچه‌كه‌م ناوی (هانا)یه، مامۆستای باخچه‌ی ساوایانه له‌شاری سنه، كوڕه‌كه‌شم ناوی (بابه‌ك)ه سه‌رقاڵی خوێندنی دكتۆرای ئه‌ندازیاریی میكانیكه له‌وڵاتی سوید.
ده‌رباره‌ی یه‌كه‌م گۆرانی وتی: یه‌كه‌م گۆرانی كه گوتم به‌ناوی (له‌یلا)بوو تائێستاش 3ئه‌لبوومم هه‌یه به‌ناوه‌كانی (شلێره) به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ (گروپی موزیكی كامكاران)و هه‌روه‌ها ئه‌لبوومی (دووری)و ساڵی 2007به‌هاوكاری (بابه‌ك)ی كوڕم كه موزیكژه‌نێكی كارامه‌یه ئه‌لبوومی (ڕۆژ)مان به‌رهه‌مهێنا.
هه‌ر گه‌نجم
*هونه‌رمه‌ند حسێنی شه‌ریفی به پێكه‌نینه‌وه وتی: گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت به‌ته‌مه‌نا ڕۆیشتووم به‌ڵام له‌ناخه‌وه هه‌ر گه‌نجمو زۆریش پشتگیری‌و پشتیوانی گه‌نجانم‌و ئاواته‌خوازم په‌ره به‌توانا نه‌براوه‌كانی خۆیان بده‌ن.
گۆڕانكاری‌و تازه‌كاری
*له‌كۆتاییشدا هونه‌رمه‌ند حسێن شه‌ریفی دوا پڕۆژه‌و كاری هونه‌ری خۆی ئاشكراكرد وتی: له‌ئێستادا سه‌رقاڵی به‌رهه‌مهێنانی تازه‌ترین ئه‌لبوومی خۆمم به‌ناوی (په‌نجه‌ره)و ئه‌و په‌نجه‌ره‌یه‌ش زیاتر ڕووناكی ده‌به‌خشێته نێو دڵ‌و ده‌روونم، ئه‌و ئه‌لبوومه 9تراك گۆرانی له‌خۆ ده‌گرێت كه تیایدا جگه له 2میلۆدی ئه‌وانی تر هه‌موویان میلۆدی تازه‌ن‌و هه‌وڵمداوه گۆڕانكاری‌و تازه‌كاری تێدا به‌رجه‌سته بكه‌م.
سه‌باره‌ت به‌شیعره‌كانی نێو ئه‌لبوومه‌كه، هونه‌رمه‌ند ئاشكرایكرد له‌نێو گۆرانیه‌كاندا شیعری هه‌ریه‌ك له‌شاعیران مه‌وله‌وی‌و نالی تیادایه له‌پال چه‌ند شاعیرێكی تر‌و ئاوازه‌كانی كۆن‌و تازه‌ن، دوا كاری ئه‌و ئه‌لبوومه‌ش ئه‌وه‌یه به‌نیازم بچمه توركیا تاكو كاری تۆماركردنی بۆ ئه‌نجامبده‌م.
حسین شریفی - مه‌له جوان
هه‌ڵبه‌ستی پیره‌مێرد
مه‌له جوانه‌که‌ی سه‌ر داری کـانـی
بۆچ ئه‌ناڵێنی هــــــه‌تــــا بــه‌یـانـی
هیــچ که‌س نــاتوانێ تا رۆژ بناڵێ
مه‌گه‌ر ئـاشقی دێــوانــه‌ی خــــاڵێ
وه‌ره هه‌ردووکمان ناڵه‌مان یه‌کخه‌ین
به‌ڵکوو به‌م ئیشه نیشتمان سه‌رخه‌ین
ناڵه‌ی من له شه‌وق ئه‌و روخـساره‌یه
ئـــاهم له دووری ئــــه‌و دیــــداره‌یـــه
ئـــــــه‌وه مـــن دیـــاره بۆ یــار ئه‌ناڵم
تــــۆ لــه جـــه‌وری کێ هاوار به ماڵم
تــــــۆ کـــــێ ده‌روونی لــــێ هه‌ڵقرچـــــانــدی
کـــــام یــــاره وا به‌م ده‌رده‌ی گـــــــــــه‌یــاندی
دیـــــــاره مــن و تــۆ هــه‌ر دوو هـــاوده‌ردین
هه‌ردووکمان وه‌ک یه‌ک تووشی یه‌ک ده‌ردین