خانمە هونەرمەندێکی کورد لە هاوینەهەواری دوکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە کاتی مەلە کردندا کۆچی دوایی کرد و (باسنیوز) وردەکارییەکان بڵاو دەکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە کەسێکی نزیک لەو خانمە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ڕۆژگار جەبار، کە دەرهێنەری فیلم و کلیپە و دەزگیرانی بینەر کەمالی دەرهێنەر و وێنەگرە، هاوکات خوشکی گۆرانیبێژ لەنجەیە. ئەو خانمە هونەرمەندە، بەیانیی دوێنێ شەممە 28\5\2016، لەگەڵ لەنجەی خوشکی و خێزانەکەی، لە هۆتێل (ئاشوور) بوون لە هاوینەهەواری دوکان و لە سەعات 6ی بەیانیدا کاتێک بە مەبەستی مەلە کردن چووەتە ناو مەلەوانگەی هۆتێلەکە، خنکاوە.
ئەو کەسە نزیکەی خانمە هونەرمەندەکە ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد کە ئێستا لە لایەن پۆلیسەوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و هەندێک بۆچوون هەن کە باس لەوە دەکەن، لە کاتی مەلەکردندا تووشی جەڵتە بووە، بەڵام هێشتا هۆکاری ڕاستەقینەی خنکانەکەی نازاندرێت.
دوای وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە لایەن خانەوادەکەی، سەعات 9ی شەوی ڕابردوو، ڕۆژگار جەبار لە گۆڕستانێکی شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.





