هۆشەنگ کامکار ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر یەک ملیارد دۆلارمان پێ ببەخشن لەبەرامبەر بەشداری نەکردنی خانمانی کامکاردا ئێمە ڕەتی دەکەینەوە.
سەرپەرشتیاری گروپی کامکاران هۆشەنگ کامکار لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا دەڵێت " دەزانن کێشەی ئێمە بۆ سازکردنی کۆنسێرت لە هەرشارێک چییە؟ کێشەمان ئەوەیە ئەگەر دەزگاکانی شارێکی وەک ئەسفەهان یەک ملیارد دۆلار بداتە کامکاران و بڵێت وەرن کۆنسێرتێک ئەنجام بدەن بە بێ سەباو قەشەنگ و هانا، ئێمە ئەو کۆنسێرتە ڕەت دەکەینەوە، ئێمە لە گروپەکەماندا خانمی ژەنیارمان هەیە، هەروەها خانمی گۆرانیبێژمان هەیە، هیچ کاتێک ناچینە ژێر باری ئەوەی ئەم ئازیزانە لەسەر تەختی شانۆ بهێنینە خوارەوە و بڵێین ئێستا ئێوە بەشداری مەکەن و بهێڵن کۆنسێرتەکەمان بکەین تاکو پارەکەمان لەدەست نەچێت"

هۆشەنگ کامکار زیاتر لەمبارەیەوە دەڵێت " لە هەر شوێنێک توانیمان بەم ئەندامانەی کە هەمانە کۆنسێرت ئەنجام دەدەین، ئەگەر ڕێگامان پێنەدرا کۆنسێرت ناکەین و ئیتر بە خانمانی گروپیش ناڵێین لەسەر تەختی شانۆ وەرنە خوارەوە، چونکە ئەمە گەورەترین سوکایەتییە کەسێک بە خانمانی گروپەکەی بکات "
هۆشەنگ لەبارەی سنوردارکردنی کۆنسێرتەکانیانەوە دەڵێت " ئێمە ناڕۆین بۆ ئەو شوێنانەی کە ڕێگای کۆنسێرتمان پێنادرێت، بۆ ئەوەی هەڵایەک دروست نەکەین وبڵێین ئەها ڕێگای کۆنسێرتمان لێدەگرن، تا هەندێک ڕیکلام بۆ خۆمان بکەین، کاتێک دەزانیت ئیمام جومعە یان داواکاری گشتی شارێک ڕێگری لە کۆنسێرت دەکات، ئەسڵەن بۆچی دەچیتە ئەو شارە؟ ئایا دەتەوێ کۆنسێرتەکەت ڕەت بکەنەوە و بەناوبانگ بیت، تا وێنەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوبکەنەوە؟ سایتەکانی دەرەوە ناوت بهێنن؟ خۆشبەختانە یان بەداخەوە ئێمە شارەزای ئەم کارانە نین.