جاترە یان هەزبێلە ڕوەکێکى کوێستانى و بۆنخۆشە و لە هەندێک شوێنیش دەچێنرێت و لەگەڵ زۆرێک لە خواردنەکاندا وەک بەهاراتێک بەکاردێت.
جاترە لە کوردستاندا بە شێوەى وشککراو هاڕراودا سوودى لێوەردەگیرێت و لە هەندێک لە وڵاتانى جیهانیشدا وەک سەوزەیەک بەکار دەهێنرێت بە هۆى تام و بۆنە خۆشەکەیەوە.

پسپۆرانى تەندروستى و خۆراک گەلێک سوودى جاترەیان دەست نیشانکردووە وەک: چارەسەرى خەمۆکى، ماندوێتى و کەمخەوى، دابەزاندنى پەستانى خوێن و چەورى خوێن. جگە لەمانەش بەهۆى تایبەتمەندى دژە هەوکردن و دژە میکرۆبیەوە بەسوودە بۆ هەموو ئەو نەخۆشیانەى کە لە ئاکامى هەوکردنەوە تووشی جەستە دەبن، چارەسەرى برینەى گەدەکات و قەبزیش ناهێڵێت.

شایانى باسە گیراوەى جاترە و کوڵاندنى ١٠ گرام جاترە لە لیترێک ئاودا ئەگەر رۆژانە لە چەند کاتێکى جیاوازدا بەکار بهێنرێت بەکارهێنانى بەسوود دەبێت بۆ باى گەدە، گرفتەکانى هەرسکردن، سەرئێشە و هەڵامەت.
لەگەڵ هەموو ئەم سوودانەى جاترەدا پسپۆرانى تەندروستى خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت لە لایەن خانمانى دوو گیانەوە بەکار بهێنرێت چونکە دەبێتە هۆى لەبارچوونى کۆرپەلە.