پێویستە لە یەکەم ژوانتدا چۆن رەفتار بکەیت؟
09/08/2016


 

ئەنجامدانی یەکەم ژوان بۆ زۆر کەس دەبێتە هۆی دوودڵی و ترسێکی زۆر. زۆر کەس نازانن لە یەکەم ژوانیاندا چی لەبەربکەن، جۆن رەفتار بکەن یان چی بڵێن؟

 

شارەزایانی بواری دەرووناسی کۆمەڵێک یاسا و رێسایان داناوە بۆ ئەنجامدانی یەکەم ژوانی سەرکەوتوو لەگەڵ خۆشەویستەکەتدا.

 

١- بۆنی خۆش لە خۆت بدە و خۆت رێکبخە

 

ئەو ئافرەتەی بڕیارە لەگەڵیدا بچیتە دەرەوە، گومانی تێدا نییە لە ماڵەوە کاتێکی زۆری تەرخان کردووە بۆ رێکخستنی خۆی و هەڵبژاردنی جلێکی گونجاو بۆ ژوانەکە، بۆیە ئەو چاوەڕوانی ئەوە دەکات کە بە هەمان شێوە تۆش گرنگییەکی زۆرت بە چۆنییەتی دەرکەوتنی خۆت دابێت. بۆیە گەر خۆت بە جۆانی رێکنەخەیت و بۆنێکی سەرنجراکێش لە خۆت نەدەیت، ئەوا تۆ وا لە بەرامبەرکەت دەکەیت وا تێبگات کە ژوانەکە لای تۆ بایەخێکی زۆری نییە.

 

پێویستە جلەکانت ئوتو کرابن و پڕ بە بەرت بن و پاک بن. بەکارهێنانی بۆنێکی خۆش دەکرێت کاریگەرییەکی زۆری هەبێت لەسەر خۆشەویستەکەت.

 

٢- خۆت بچۆ بە شوێنیدا و بیبەرەوە ماڵێ

 

چوون بە شوێنی خۆشەویستەکەتدا و بردنی بۆ شوێنی ژوانەکەت ئەتەکییەتێکی پیاوانەیە و دەرخەری ئەو راستییەیە کە تۆ وەک پیاو رێز لە خۆشەویتەکەت دەگریت.

 

ئاگاداربە، گەر چوویت بە شوێنیدا بەڵام دواتر نەتبردەوە، ئەوا رەنگە خۆشەویستەکەت بە هەڵە تێبگات بەوەی کە تۆ ژوانەکەت بە دڵ نەبووە و دەتەوێت خێرا رزگارت بێت لێی.

 

٣- هەرگیز دوا مەکەوە

 

دواکەوتن لە ژوان و گەیشتن لە کاتێکی درەنگدا وا لە بەرامبەرەکەت دەکات هەست بکات کە تۆ زۆر بایەخ بە ژوانەکە نادەیت و هێندەی ئەو پەرۆش نیت.

 

وا باشترە چەند خولەکێک پێش کاتی دیاریکراو لە شوێنی ژوانەکە ئامادە بیت.

 

٤- دەرگاکەی بۆ بکەرەوە و کورسییەکەشی بۆ رابگرە

 

گەر هەردووکتان بەیەکەوە گەیشتنە شوێنی ژوانەکەتان، لە بیرت نەچێت کە دەرگاکەی بۆ بکەیتەوە و ئەو یەکەم کەس بچێتە ژوورەوە.

 

هەرچەندە راگرتنی کورسی بۆی ئەو لەسەری دابنیشێت شتێکی زۆر باو نییە، بەڵام گەر ئەنجامی بدەیت و ئەوا زیاتر دەچیتە دڵی خۆشەویتەکەتەوە و پیاوەتی خۆت و رێزگرتنت بۆ ئافرەت دەسەلمێنیت.

 

٥- مۆبایلەکەت بەکارمەهێنە

 

لابردنی مۆبایلەکەت یان کوژاندنەوەی یەکێكە لە یاسا هەرە گرنگەکانی کاتی چوونە ژوان. ئەو کەسەی لە بەرامبەرت دانیشتووە پێویستە سەنتەری سەرنجەکانت بێت.

 

هەندێک لە پیاوان بە هەڵە پێیان وایە ئەگەر لە کاتی چوونە ژوان سەرقاڵی موبایلەکەیان بن و تەلەفونیان زۆر بۆ بێت ئەوا وەک کەسێکی سەرقاڵ و گرنگ دەردەکەون لای خۆشەویستەکەیان. بەڵام ئەم رەفتارە بە تەواوی هەڵەیە و پەیامی ئەوە بە بەرامبەرەکەت دەگەیەنێت کە ئەو لە چاو کاروبارەکانت کەمتر گرنگە.

 

٦- پارەکە بدە بەبێ ئەوەی ببینرێی

 

لە زۆربەی ژوانەکاندا کێشەی دانی نرخی خواردنەکە لە کۆتایی ژوانەکەدا کێشە و ناڕەحەتی لە نێوان هەردوو لا درووست دەکات بەوەی کە هەردوولا دەیانەوێت پارەی ئەوەی تر بدەن. لەم کاتەدا پێداگری کردن تا رادەیەک باش نییە و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی بەرامبەرەکەت هەست بە ئاسوودەیی نەکات لەگەڵت.

 

باشترین چارەسەر بریتییە لەوەی کە بە بێ ئاگایی خۆشەویستەکەت پارەی خواردنەکە بدەیت. بۆ نموونە دەتوانیت هەستیت بچیت پارەکە بدەیت بەڵام بە خۆشەویستەکەت بڵێیت دەچم دەستم دەشۆم.

 

٧- پرسیاری لێ بکە

 

نابێت رێگە بدەیت ژوانەکەتان کۆتایی پێ بێت بەبێ ئەنجامدانی گفتوگۆ. پێویستە ژوانەکەتان ببێتە هۆکارێک بۆی زیاتر یەکتری بناسن و ئاشنای یەکتر بن. دەبێت بزانیت چ جۆرە پرسیارێکی لێ دەکەیت. نابێت پرسیارەکانت زۆر تایبەت بن. چاوەڕێی وەڵامەکان بکە و قسەکانی پێ مەبڕە.

 

لە کاتی گفتوگۆکەتاندا پێویستە بیروڕای خۆتت هەبێت، نابێت وەک توتی بیروڕاکانی ئەو دووبارە بکەیتەوە و وای نیشان بدەیت کە تۆ ئامادەیت بۆ دەستهێنانی دڵی ئەو وەک ئەو بیربکەیتەوە.

ژماره‌ی بینین‌ : 447
کۆمێنت
هێچ کۆمێنتێک بەردەست نیە
کۆمێنتی خۆت بنێرە
ناو :  
ئیمێڵ :   
کۆمێنت :
 
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll