تەنیا لە یەك بەشی هەوراماندا پیشە دەستییەكان ماونەتەوە
09/08/2016
هەورامییەكان بە پیشە دەستییەكان ناسراو بوون، بەرهەمە دەستییەكانی هەورامان بە زۆربەی بازاڕەكانی باشووری كوردستاندا بڵاو دەبوونەوە، بەڵام ئێستە تەنیا لە هەورامانی بەشی رۆژهەڵاتی كوردستاندا پیشە دەستییەكان ماون و لە هەورامانی بەشی باشووری كوردستاندا هەورامییەكان جگە لە كڵاش، هیچ بەرهەمێكی تری دەستییان نییە.

سەركۆ فایەق لەناو دووكانەكەی خۆی لە هەورامان، نرخی كەلوپەلە دەستكردەكان بۆ موشتەرییەكانی روون دەكاتەوە، كڕیارەكان لە خەڵكی ناوچەكە و ئەو گەشتیارانە پێك هاتوون سەردانی ناوچەكەیان كردووە و دەیانەوێ لەگەڵ خۆیاندا كەلوپەلێكی دەستكرد ببەنەوە.

سەركۆ هاوشێوەی چەند هەورامییەكی تر، لە ساڵی رابردووەوە دووكانێكی تایبەت بە فرۆشتنی كەلوپەلە دەستكردەكانی كردووەتەوە، ئەو بە "وشە" دەڵێ‌، "كڕیاری كەلوپەلە دەستكردەكان زیادی كردووە و بەو هۆیەوە دووكانەكەم فرەوانتر كردووە".



نزیكەی 15 دووكانی تایبەت بە فرۆشتنی كەلوپەلی دەستكرد و بەرهەمە فۆلكلۆرییەكان لە تەوێڵە و بیارەی سنووری هەورامان كراونەتەوە، بەڵام كۆی ئەو كەلوپەلانەی لەو دووكانانەدا دەفرۆشرێن، لە هەورامانی بەشی رۆژهەڵاتی كوردستانەوە دەهێنرێن.

فایەق دەڵێ‌، "ئێمە كەلوپەلەكانمان لە هەورامانی رۆژهەڵاتی كوردستان دێنین، چونكە ئێستە لە هەورامانی باشووری كوردستاندا كەس كاری دەستی ناكات، بەڵام لەمدیو پیشەكە وەك خۆی ماوەتەوە و خەڵكێكی زۆر بژێویی پێ‌ پەیدا دەكەن".

رەحمان سەعید هاووڵاتییەكی تەمەن 65 ساڵی دانیشتووی بیارەیە و بە "وشە" دەڵێ‌، "بەداخەوە لەو چەند ساڵەی رابردوودا خەڵكی هەورامان پشتیان لە كارە دەستییەكان كرد، لەكاتێكدا جاران ئێمە هەموو كەلوپەلەكانی ناوماڵمان هەر دەستكردی خۆمان بوون و بگرە دەمانزانی كێ‌ هەریەك لەو كەلوپەلانەی دروست كردووە".

ئەو كەلوپەلانەی ئێستە لە بازاڕەكانی بیارە و تەوێڵەدا دەفرۆشرێن وەك، قاپ و كەوچك، شەكردان، زەمبیلە، نانەشان، تیرۆگ، پنە، گۆزە و كەرەستەی یاری منداڵان و... هتد لەپاڵ جلوبەرگەكانی وەك كوڵەباڵ و مشكی و كڵاو و پشتوێن و شاڵ و.. هتد، بەگشتی لە هەورامانی بەشی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست دەكرێن و لە هەورامانی دیوی هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێن.

لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لە هەورامانی بەشی باشووری كوردستاندا ماوەتەوە، دروستكردنی كڵاشە و بەگوتەی ئەوانەی خەریكی چنینی كڵاشن، لانی كەم دەیان خێزانی ناوچەكە لە رێگەی دروستكردنی كڵاشەوە بژێوی خۆیان دابین دەكەن.



فاخر محەمەد یەكێك لە وەستاكانی كڵاش لە هەورامان بۆ "وشە" دەڵێ‌، "لە هەموو هەوراماندا كڵاش دروست دەكرێت، هەندێك وەك ئێمە دووكانیان هەیە و دیارن، بەڵام ژمارەیەكیش لە ژنانی هەورامان هەر لە ماڵەوە كڵاش دروست دەكەن و دواتر لە شارەكانی تری كوردستاندا دەیفرۆشن".

بەگوتەی محەمەد خەڵكێكی زۆر لە سەرتاسەری كوردستاندا بەدوای كڵاشی هەوراماندا دێت، ئەو خۆی لە ساڵێكدا زیاتر لە 300 جووت كڵاشی فرۆشتووە و لانی كەم 50 هاوپیشەی وەك خۆیی دەناسێت و دەڵێ‌، "نرخی كڵاشەكان بەپێی باشی و خراپیان لە نێوان 30 تا 80 هەزار دینار دەبێت".

حاجی حەمەعەلی مەحموودی تەمەن 70 ساڵ، یەكێك لەو پیرەپیاوە هەورامییانەیە كە داخ بۆ ساڵانی رابردوو دەكێشێت و بە "وشە" دەڵێ‌، "جاران لەم هەورامانەدا هەرچییەك بەكار دەهات، هەر دەستكردی خۆمان بوو، داخەكەم پیرەكان مردن و نەوەی ئێستە پشتیان لەو پیشەیە كرد، پیرەكان دەمرن و ئەگەر گەنجەكان خۆیان فێری ئەو پیشانە نەكەن، ئەوە هەر بەیەكجاری كۆتای دێت".

هەورامان لە دوو بەشی هەورامانی لهۆن و هەورامانی تەخت پێك هاتووە و بەسەر هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئێران دابەش كراوە. بەشی زۆری هەڵكەوتەی جوگرافیی هەورامان، شاخاوییە و لە تەواوی بەشەكانیدا ئاوهەوایەكی سازگاری هەیە.
ژماره‌ی بینین‌ : 395
کۆمێنت
هێچ کۆمێنتێک بەردەست نیە
کۆمێنتی خۆت بنێرە
ناو :  
ئیمێڵ :   
کۆمێنت :
 
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll