مەلا عەلی كەڵەك: باڵای شەیتان 160 سانتیمەترە و لە سێگۆشەی بەرمۆدەدا دۆزیمەوە!
30/09/2012
"شەیتان تاجێكی لەسەرە، بارەگاكەی لە سێگۆشەی بەرمۆدایە، لەوێ حوكمدەكات"، مەلا عەلی كەڵەك شانازی بە ئاشكراكردنی ئەو "نهێنییە" دەكات و دەڵێ "ئەو زانیاریانەم لە جنۆكەیەكی عفریت وەرگرتووە، كە جوولەكەیەكی ئەمریكا بوو، ئێستا بووەتە موسڵمان".
عەلی مەحمود حەسەن،40 ساڵ، ناسراو بە (مەلا عەلی كەڵەك)، پەیمانگەی ئیسلامی لە هەولێر تەو...
اوكردووە، مۆڵەتی لە حكومەت عێراقی وەرگرتووە بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەیەك، بەناوی (نەخۆشخانەی خێرخوازی پزیشكی پێغەمبەر محەممەد د.خ) كە مانگی سێی ئەمساڵ لە قەزای خەباتی سەر بەشاری هەولێر كردییەوە. بەپێی ئاماری مەلا عەلی، لە ماوەی 17ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 2 ملیۆن نەخۆشی بینیووە.
ئەوكاتەی (رووداو) ویستی قسە لەگەڵ مەلا عەلی بكات، لە بارەی جیهانی جنۆكەكان، تاوەكو دوای نوێژی شەوان دەرفەتی نەبوو. لە یەك رۆژدا زیاتر لە 300 كەس سەردانی دەكەن. لە ماوەی قسەكردنیدا بۆ (رووداو) كە نزیكەی كاژێرێكی خەیاند، 61جار بە تەلەفۆن پەیوەندی پێوەكرا، 11 نامەشی بۆ هات، ئەو دەڵێت جگە لە كورد، عەرەب، تورك، فارس، خەڵكی ئەوروپی و ئەمریكیش دێنە لای.

" 63ملیار جنۆكە لە جیهان هەن"

مەلا عەلی كەڵەك كار لەسەر هەموو جۆرە نەخۆشییەك دەكات، وەك خۆی دەڵێت نەهێشتنی چوونە ژوورەوەی جنۆكە بۆ ناو لەشی مرۆڤ و دەركردنیان لە لەشی مرۆڤ، یەكێكە لەكارە دیارەكانی. بەپێی لێكدانەوە ئایینییەكان جگە لە مرۆڤ، جنۆكەش لەسەر زەوی دەژین، كە جنۆكە لە ئاگر دروستكراوەو مرۆڤ نایبینێ، كاریگەری جنۆكە لەسەر مرۆڤ بەردەوام جێگەی مشتومڕی زانایانی ئیسلام بووە.
مەلا عەلی باس لەوە دەكات، بەپێی فەرمودەی پێغەمبەری ئیسلام، ژمارەی جنۆكە لە ژمارەی مرۆڤ زیاترن "ژمارەی جنۆكەكان 9 ئەوەندەی مرۆڤەكانن"، واتە ئەگەر ئێستا ژمارەی مرۆڤەكان لەسەر گۆی زەوی 7 ملیار بێ، ئەوا ژمارەی جنۆكە 63 ملیارە.
مەلا عەلی دەڵێ "بەپێی فەرموودەی پێغەمبەر (د.خ) جنۆكە بەپێچەوانەی مرۆڤ ئێواران دەچنە دەرەوە، بە رۆژ لە ماڵەوەن، جنۆكەكان هەموویان وەك سەرباز لەبەر دەستی شەیتانن، جنۆكە شێوەی وەك مرۆڤ نییە، سێ بەشن. پێغەمبەر دەفەرموێت، بەشێكیان وەك باڵدارن لە ئاسمانن و دەفڕن، بەشێكیان وەك مرۆڤن، بەڵام شێوەیان زیاتر لە مەیمون دەچێ و باڵایان 50سانتیمەترە، بەشێكی دیكەشیان وەك مار و مشك و پشیلەن".

"كوردستان پڕە لە جنۆكەی كوردی"

وەك مەلا عەلی كەڵەك باسیدەكات، جنۆكە وەك مرۆڤ موسڵمان، مەسیحی و جولەكەی هەیە، لە هەر ناوچەیەك بن، نەتەوەو ئاینیان وەك ئەو خەڵكەیە "ئێستا كوردستان پڕە لە جنۆكەی كوردی، كورد چەند عەشیرەت و تیرەی هەبێت، جنۆكەكانی ئێرەش ئەوەندە تیرەیان هەیە".
مەلا عەلی باسی جنۆكەی ئایینەكانی دیكە دەكات و دەڵێت "جنۆكە جولەكەكان زۆر رەق و درۆزنن، زۆر خەڵك ئازار دەدەن، بەڵام جنۆكە مەسیحییەكان زۆر فەقیر و بەڕێزن"، هەروەها دەڵێ "شەیتان خۆی هیچ ئایینێكی نییە، كۆمەڵێكیش وەعدیان داوە بە شەیتان هەرگیز نەبنە موسڵمان، جنۆكە زۆر پێشكەوتوون وەك با زۆر خێران، ئەوانیش دۆزەخی و بەهەشتییان هەیە".

"100%ی خۆكوشتنەكان لەژێر
كاریگەری جنۆكەكانە"

لە كوردستان خۆكوشتن بەردەوام لەپەرەسەندندایە، مەلا عەلی هیچ گومانی لەوەدانییە، ئەوە جنۆكەن هانی مرۆڤ دەدەن بۆ خۆكوشتن "رۆژانە بەردەوام خەڵك دێتە لام، كە هەوڵژی خۆكوشتنیانداوە، هەن پەتێكیان لە مل كردووەو خۆیان بریندار كردووە، حەبیان خواردووە، 100% خۆكوشتنەكان لەژێر كاریگەری جنۆكە كافرەكان بووە، ئەوانەی خۆیان دەكوژن زۆربەیان نوێژی بەیانیان ناكەن، لە هەر شوێنێك لە كوردستان بێدینی زۆرتربێت، خۆكوشتنی زیاتری تێدایە". هەروەها دەڵێ "پیاو هەیە دەمانچەی لەسەر سەری راگرتووە، گوتوویەتی خۆم دەكوژم، كە چارەسەر بووە، گوتوویەتی بەخودا مامۆستا من نیم، كەسێك دەستی منی بەرزدەكردەوە. هەروەها ئافرەتێك كە جنۆكە چووبووە لاشەیەوە دەیگوت مامۆستا جنۆكەكە دەیگوت بڕۆ دایك و خوشكت بكوژە، چونكە جنۆكە لە رێگەی وەسوەسەوە كار لەسەر مرۆڤ دەكات".

"شوێنی شەیتانم دۆزیوەتەوە"

مەلا عەلی كەڵەك، باسی دۆزینەوەی نهێنی سێگۆشەی بەرمۆدە دەكات، كاتێك لە ساڵی 2002 ئافرەتێكی كورد لە موسڵەوە سەردانی كردووە، وەك مەلا عەلی دەڵێت، ئافرەتەكە جنۆكە چووبووە لەشییەوە " لە رێگەی ئەو ژنەوە شوێنی شەیتانم دۆزیەوەو ئاشكراكرد".
مەلا عەلی ئاماژەی بەوەدا ئەو لە رێگەی نەخۆشەكانەوە قسە لەگەڵ جنۆكەكان دەكات، واتە نەخۆشەكە زمان دەجولێنێت، جنۆكەكە قسە دەكات. بەڵام هیچ كات جنۆكەی نەبینیووە "قسەم لەگەڵ ئافرەتەكە كرد، دەیگوت NO NO NO، منیش هەندێك ئینگلیزم دەزانی، قورئانم لەسەر خوێند، بە ئینگلیزی قسەی كرد، گوتی ناوم ڤیكتۆر جۆن ئۆلیڤەرە، ئەو ژنە ئینگلیزی نەدەزانی، بەڵام بە ئینگلیزی وەڵامی پرسیارەكانی منی دەدایەوەو دەیگوت خەڵكی ئەمریكام".
مەلا عەلی درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت "ئەو ژنە ماوەیەك هاتووچۆی كردم، جنۆكەش لە ماوەی مانگێك تاوەكو دوو مانگ فێری زمانی ئەو كەسە دەبێت كە چووەتە لاشەیەوە، ئۆلیڤەر فێرە كوردی بوو، بە كوردی قسەی دەكرد، كوردییەكەی زۆر سەیربوو، وەك ئەو كەسانەی تازە فێرە كوردی دەبن، ئۆلیڤەر پێیگوتم من لەو جنۆكانەم كە باڵم هەیە، لە سێگۆشەی بەرمۆدە دەژیم لە ئەمریكا، ئۆلیڤەر گوتی ئەو كچە زۆر خەمی دەخوارد بۆیە چوومە لاشەیەوە".
وەك مەلا عەلی دەڵێت زۆر بە ئۆلیڤەرەوە ماندووبوو، تاوەكو بووە موسڵمان، كە خۆی جولەكە بوو "ئۆلیڤەر گوتی من عیفریتم، گوتی یەكجار كە منداڵبووم شەیتانم بینیووە، نەخۆشبووم، دایكم منی بردە لای شەیتان دوعایەكی لەسەر كردم و چاكبوومەوە. گوتی شەیتان ماڵی لە سێگۆشەی بەرمۆدایە، گوتم ماڵی شەیتان چ دەكات لەسەر دەریا؟ گوتی ئەو لاسایی خوا دەكاتەوە، كە لە قورئان هاتووە، عەرشی خوای گەورە لەسەر ئاوە، گوتم ئەو كەشتی و فڕۆكانە لە سێگۆشەی بەرمۆدا كێ نقومی دەكات؟ ئەو هێزی راكێشانە چییە؟ گوتی ئەو شتانە هەمووی درۆیە، شەیتان لەوێیە، قبوڵناكات كەس بەسەریدا بڕوات، شەیتان تاجێكی لەسەرەو عەبایەكی سووری بەخۆیداداوە وەك سووپەرمان، باڵاشی 160 سانتیمەترە، سێگۆشەی بەرمۆدا بووەتە پایتەختی جنۆكەكان، شەیتان لەوێ پیلان دادەنێت بۆ گومڕاكردنی خەڵك".
سێگۆشەی بەرمۆدا Bermuda Triangle، كەوتووەتە بەشێك لە زەریای ئەتلەنتیكەوە، ئەم ناوچەیە تاوەكو باشووری ویلایەتی فلۆریدا لە ئەمریكا درێژبووەتەوە، ئەو سێگۆشەیە بە "سێگۆشەی شەیتانیش" ناودەبرێت، بەهۆی مەترسیداریەی لە چەند لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتای سەدەی بیستدا باسكرا، نێوبانگی ترسناكی ئەو سێگۆشەیە بۆ ساڵی 1945 دەگەڕێتەوە، كە گوایە پێنج فڕۆكەی جەنگی ئەمریكی لەوێ نقومبوون. بەڵام زۆر بەڵگەنامە كە لەم دواییانەدا دەركەوتن و لێكۆڵینەوەی پاسەوانەكانی دەریا لە ئەمریكا، هەموو ئەو دەنگۆیانەیان رەتكردەوە لەبارەی ئەو رووداوانەی كە گوایە لەو سێگۆشەیەدا بەهۆی مەترسیداریەكی نهێنییەوە روویانداوە، بەپێی ئەو بەڵگەنامەو راپۆرتانە مەترسیداری بەرمۆدا لە هیچ ناوچەیەكی دیكەی ئاویی زیاتر نییە.

"بەسەر سێگۆشەی بەرمۆدادا دەڕۆم"

سێگۆشەی بەرمۆدا ئێستا وەك ناوچەیەكی قەدەخەكراوە، كەس ناوێرێ بەسەر ئەو ناوچەیەدا بڕوات، بەڵام مەلا عەلی دەڵێت" ئامادەم بچمە ئەو شوێنە، تەنیا ئایەتی كورسی (ئایەتی 255 سورەتی ئەلبەقەرەی قورئان) بخوێنی، دەتوانی بە گرەنتی بەسەریدا بڕۆی، خۆم دەچمە سەری و ئایەتی كورسی دەخوێنم بە ئیزنی خودا بەسەریدا دەڕۆم".
لەو كتێبانەی لەسەر جنۆكە نووسراون، باس لەوە دەكرێت، لەهەندێ لەو كتێبانەدا ئاماژە بەوەكراوە گوایە هەندێ دەوڵەت جنۆكە وەك سیخوڕ بەكاردێنن. مەلا عەلی ئەوە بە راست دادەنێ و دەڵێ وڵاتانی وەك ئەمریكا و ئیسرائیل سیخوڕی بە جنۆكە دەكەن، لە رێگەی ساحیرەكانەوە "لە كوردستانیش ساحیرەكان شتیان بە جنۆكە كردووە، زانیاریان وەرگرتووە، حیزبەكانیش ساحیری بەهێزیان هەیە. سەدام حوسێن، ساحیری تایبەتی خۆی هەبوو. نەخۆش هەبووە لای من جنۆكە لەلاشەی هەبوو، جنۆكەكە گوتی ئێستا یەكێك دێت ناوی ئەحمەدە، لەناكاو كەسێك هاتووە ناوی ئەحمەد بووە، زەندەقم چووە، جنۆكەكان دەڵێن كە دەچینە شوێنێك چەند كەسی دیكە لە دەرەوە چاودێریمان دەكەن و زانیاری دەنێرن".
مەلا عەلی دەڵێت، بەسەرهاتی زۆری لەگەڵ جنۆكە هەیە، وەك خۆی دەڵێت جارێك قسەی لەگەڵ جنۆكەیەك كردووە، كە تەمەنی 7 هەزار ساڵ بووە، مەلا عەلی باسی نموونەیەكی دیكە دەكات، لە بابەتی جنۆكە و دەڵێت "لەو ماوەیەدا پیاوێكی ئێزدی هاتە ئێرە، جنۆكە چووبووە لەشی، جنۆكەكە ژنێكی مەسیحی بوو بە ئینگلیزی قسەی دەكرد، جنۆكەكە خاچی كردبووە ملی ئێزدیيەكە، ئەو پیاوە تووشی كێشە بوو و پێیاندەگوت ئایینت گۆڕیووە، قورئانم لەسەری خوێند، جنۆكەكە لە لاشەی دەرچوو، پیاوەكە بووەوە ئێزدی، لە گۆڤاری لالش سوپاسیشیان كردم".

"وەزارەتی تەندروستی ئەمریكا داوەتیانكردووم"

وەك مەلا عەلی دەڵێت "بەو هۆیەی نەخۆشێكی شێرپەنجەم چاككردەوە، كە لە ئەمریكایش چارەسەری نەبووە، وەزارەتی تەندروستی ئەمریكا داوەتنامەیان بۆ ناردووم"، گوتیشی "ئافرەتێك هاتە لام، شێرپەنجەی هەبوو، لە ئەمریكا پێیانگوتبوو تەنیا دوو هەفتەی دیكە دەژی، هاتە لای من، دوو مانگ چارەسەرم بۆكرد، چاكبووەوە، كە گەیشتەوە ئەمریكا، دكتۆرەكان گوتیان ئەوە زۆر گرنگە، وەزارەتی تەندروستی ئەمریكا نامەیان بۆ ناردم، كە بچم چارەسەریان بكەم، شەش مانگ لەوێ لەسەر حیسابی ئەوان بمێنمەوە"، بەڵام هیچ نامەیەكی پیشانی ئێمە نەدا.

"جنۆكە ناچێتە لاشەی مرۆڤەوە"

هەرچەندە مەلا عەلی زۆر پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە جنۆكە دەچنە لەشی مرۆڤەوە، بەڵام د.قاسم غەفوور، مامۆستا لە كۆلێژی شەریعە لە زانكۆی سەلاحەددین، بڕوای بەوە نییە كە جنۆكە بچێتە لاشەی مرۆڤەوە. د.قاسم دەڵێت "بەڵگەی ئەوانەی كە دەڵێن شەیتان دەچێتە لاشەی مرۆڤەوە، ئەو فەرموودەیەی پێغەمبەرە كە دەفەرموێت، شەیتان بەناو ئەو دەمارانەدا دەڕوات كە خوێنی پێدا دەڕوات، بەڵام پێغەمبەر (د.خ) مەبەستی ئەوەیە، كە شەیتان وەسوەسە بۆ مرۆڤ دروستدەكات، زۆربەی زانایانیش ئەو رایەیان هەیە كە جنۆكە ناچێتە لاشەی مرۆڤەوە".
د.قاسم گوتیشی "مرۆڤی موسڵمان كاتێك نەخۆشی دەروونی هەیە، هیچ پەیوەندی بە جنەوە نییە، ئەوانەی خۆیان دەكوژن راست نییە جنۆكە بەوانی كردبێت، راستە شەیتان وەسوەسە بە هەموو كەسێك دەكات، دەچرپێنێت بە گوێیاندا، بەڵام مرۆڤ خوا عەقل و هۆشی پێداوەو بەخۆی بڕیار دەدات".
د.قاسم، كە دكتۆرای لە زانستە ئیسلامییەكان هەیە، دەڵێ بڕوای تەواوی بەو قسانە نییە كە شەیتان لە سێگۆشەی بەرمۆدا بێ، چونكە بنەماكانی ئیسلام دیارن "تەنیا مامۆستا عەلی دەڵێت لە جنێكەوە گوێم لەو قسانە بووە، ئەوە رای مامۆستا عەلییە، رەنگە راست بێت و رەنگە راست نەبێت. من خۆم بڕوام بەو قسانە نییە، لە قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (د.خ) شوێنی شەیتان دیارینەكراوە، راستە پێغەمبەر قسەی لەگەڵ جنۆكە كردووە، بینیويشیەتی، بەڵام هیچ كات بە نەخۆشێكی نەگوتووە جنۆكە لەناو لاشەتە".
زۆر لە مامۆستایانی ئایینی رەتیدەكەنەوە، جنۆكە بچێتە لاشەی مرۆڤەوە، بەڵام مەلا عەلی دەڵێ " 98%ی مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان ئاگاداری پزیشكی نەبەوی نین، ئەزموونیشیان لەبارەی جنۆكەوە نییە، جنۆكەكان لە دوو رێگەوە دەچنە ناو لاشەی مرۆڤ لە ترسێكی زۆر، یان لە خەمێكی زۆر، ئافرەتیش زۆر دەترسێت".
 
ژماره‌ی بینین‌ : 5453
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll