ڕۆح چی یە؟
14/10/2012
ڕۆح چی یە؟
بوخاری عبدالله قەسرێ
----------------------------
لەم شەوانەی ڕابردوو، كە سەرم خستە سەر سەرین بۆ ئەوەی بخەوم و چاوەكانم لێكنا.. ڕازێكی زۆر سەیر هاتە نێو دڵم! پرسیارێكم بۆ دروست بوو: من ئێستا بە ئاگام، بەڵام كە خەوتم گیانم بۆ كوێ دەچێت؟ كە خەون دەبینم لە كوێم؟ بۆچی كە خەونیك دەبینم، بە هەست و نەست و سۆزەكانمەوە لەمسەری دنیا بۆ ئەوسەری دنیا دەچم، دەچم بۆ ئەمەریكا و دێمەوە، كەچی لاشەم لەشوێنی خۆیەتی.. لە كوردستان! نهێنی ئەمە چییە؟ مرۆڤێك كە زیندووە چەندە قەشەنگە، بەڵام كە دەمرێت، تەنها چەند كاتژمێرێك دواتر.. لاشەی تێكدەچێت و دەڕزێت! ئەو لاشەیە بۆ وای لێهات؟ چ شتێكی لێ كەم بویەوە؟ جیاوازی لاشەیەكی زیندوو لەگەڵ هی مردوویەك چییە؟... بێگومان لێرەدا نهێنیەكی مەزن هەیە ئەویش بریتیە لە: ڕۆح.
بیرم لەوە كردەوە: ئەی ڕۆح چییە؟ ئایا تا ئێستا پرسیومانە كە ڕۆح چییە؟ بۆچی نایبینم؟ بۆ ناتوانم دەستی لێبدەم؟ لە كوێَیە؟.. بەڵام زۆری نەبرد خەو لەم دنیایە دووری خستمەوە.
سبەی، كە لەخەو هەڵسام، بڕیارمدا كە ئەڵقەی ئەمجارە لەسەر (ڕۆح) بنوسم.
لەڕاستیدا بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ حەزو ئارەزووی ئەوەی هەبووە كە بزانێ ڕۆح چییە؟ زانكۆی (كامبرێج) یەكەم زانكۆ بوو كە بەشێكی كردەوە لەساڵی 1940 بۆ لێكۆڵینەوەی (ڕۆح)، پاشان زانكۆی (ئۆكسفۆرد) لە ساڵی 1943. تەنانەت دەگێڕنەوە كە حەوسەد ساڵ بەر لە ئێستا، قەیسەری ئەڵمانی (فرێدرێكی دووەم) فەرمانی دەركرد كە دەبێ زاناكان بۆی دەربخەن ڕۆح چییە؟ زاناكان كۆبوونەوە، بەڵام كەس نەیزانی. دڵی قەیسەر ئاوی نەخواردەوەو توڕە بوو، بۆیە بڕیاریدا كە هۆڵێكی چواردیواری دروست بكەن بۆ ئەوەی كە زیندانیەكان و هەندێ لەو زانایانە بخەنە نێوی و بیانسوتێنن، وە خۆیشی لەبەردەمیاندا وەستابوو و سەرنجی دەدا تا بزانێ ئایا لەكاتی مردنی ئەواندا هیچ شتێك دێتە دەرەوە لە لاشەیان، بەڵكو ڕۆح ببینێ!.
دەگێڕنەوە كە قورەیش هەواڵیان نارد بۆ جولەكەكانی مەدینە تاكو پێغەمبەر بە پرسیاری قورس ئیحراج بكەن، ئەوانیش بەر لەوەی بچن بۆ لای، وتیان: ئەگەر هاتو موحەممەد وەڵامی هەموو پرسیارێكمان بداتەوە، یان وەڵامی هیچیان نەداتەوە ئەوا پێغەمبەر نییە، بەڵام ئەگەر بێتو وەڵامی هەندێكیان بداتەوەو لەهەندێكیشان بێدەنگ بێت ئەوا پێغەمبەری خوایە. كە چوون بۆ لای پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) سێ پرسیاریان لێ كرد: دووانیان لەبارەی (ژوالقرنین) و (هاوەڵانی ئەشكەوت) بوون، سێهەمیشیان ئەوەبوو (ڕۆح) چییە؟. پێغەمبەر(صلی الله علیە وسلم) دوو پرسیارەكەی یەكەمی وەڵامدایەوە، لە پرسیاری سێهەم بێدەنگ بوو، هەتاكو سروشی بۆ هات لەلایەن خواوە: (ویسألونك عن الروح قل الروح من أمڕ ربی وما أوتیتم من العلم إلاّ قلیلاً) إسرا 85. قورئان ڕایگەیاند كە نهێنی (ڕۆح) تایبەتە بە كاری خوا، وە مرۆڤیش زانستێكی كەمی پێ بەخشراوە، پێغەمبەری خوا تەنها ئەمەی پێ وتن.
ڕاڤەوانەكانی قورئان لە ڕاڤەی ئەم ئایەتەی سەرەوەدا ئەوەیان دەرخستووە كە خوای پەروەردگار فەرمان بە مرۆڤەكان دەكات كە مێشكی خۆیان بە هزرو بیرۆكەی ڕێبازە فەلسەفییەكان سەرگەرم نەكەن تاوەكو بزانن (ڕۆح) چییە، بەڵكو ئەمە لە نهێنی خوای پەروەردگارە.
لەگەڵ ئەوەشدا، زانا و فەیلەسوفە مسوڵمانەكان كەم تا زۆر باسیان لە (ڕۆح) كردووەو لێكۆڵینەوەیان لەسەر كردووە چونكە پێیان وابووە كە خوا لەم ئایەتەدا ڕێگری لێ نەكردوون بپرسن كە ڕۆح چییە، بۆنمونە ئیبن سیناو ئیبنوقەییمی جەوزی هەركامیان كتێبێكیان هەبووە بەناوی (الروح)، بەڵام لێكۆڵینەوەكانیان بە ئارەووی عەقڵی خۆیان نەبووە بەڵكو بەپێی ڕامان لە ئایەتەكانی قورئان و فەرموودەكانی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) بووە.
زانایەكی مسوڵمان بەناوی دكتۆر (مەنسور) لە زانكۆی (عین الشمس) لە توێژینەوەیەكی چڕوپڕدا تەفسیری ئایەتێكی سوڕەتی (السجدە) دەكات: (یدبر اڵامر من السما‌و إلی اڵارچ پم یعرج إلیه فی یوم كان مقداره ألف سنە مما تعدون)، وە بە پێی ڕێسای فیزیایی (ئەنیشتاین) و بە وردەكاری بیركاری زۆر ئاڵۆز، دەیدەخات كە ئەم ئایەتە ئیعجازێكی گەورەی زانستی تێدایە ئەویش ئەوەیە كە خێرایی (ڕۆح) پەنجا ئەوەندەی خێرایی ڕوناكی یە، وە بە 299792.5كم دەیخەمڵێنێت، بەڵام لەڕاستیدا ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵێكی سەرەتاییەو تا ئێستا لە بواری زانستی دا نەسەلمێنراوە.
بەم دواییانەش لە زانكۆكاندا تاقیگەی تایبەت بە لێكۆڵینەوەی ڕۆح و خەونەكان كرایەوە، ئەمەش بۆئەوەی كە بتوانن ڕۆح بپێون، یاخود وێنەی ڕۆح بە كامێرای ڤیدیۆیی ژێر سوور بگرن، بەڵام شكستی هێنا. زانایەكی سویسری هەڵسا بە سەرنجدان لە كەسێك كە لە سەرەمەگدابوو، وە ئامێرێكی پێوانەی تایبەتی بەكارهێنا بۆ پێوانی كێشی ئەو كەسە لە پێش مردن و دوای مردنیشی، دوای مردنی سەرنجی دا كە كێشی ئەو كەسە تەنها چەند گرامێك كەمی كرد، وای بۆ چوو كە ئەو جیاوازیە بە هۆی دەرچوونی ڕۆحە، بەڵام لە مەیدانە زانستیەكاندا ئەمە ڕەتكرایەوەو دەركەوت كە ڕۆح كێشی نییە چونكە ماددە نییە، وە ئەو بڕە كێشەی كە كەمیشی كردووە هەوای سییەكان بووە، یان بەهۆی وەستانی سووڕی خوێنەوە بووە.
ئەمڕۆش، زاناكان و فەیلەسوفەكان هەزاران لێكۆڵینەوەو پرسیارو هەوڵی جۆراوجۆر دەكەن لەپێناوی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، هەندێكیان دەڵێن ڕۆح "وزەیە" یان "تەزوویەكی كارەباییە", هەندێكی تر دەڵێن "هەوایە"، یاخود ئەڵێن"ماددەیەكی ئەسیری یە" ...هتد. بەڵام لە ڕاستیدا ئێمەی مسوڵمان ئەم شتانە بە نادروست دەزانین، چونكە زانینی (ڕۆح) غەیبەو نهێنییەكی گەورەیە كە تەنها خوای مەزن پێی دەزانێ. ئەم شتانەش كە ئەیڵێن تەنها فیشەك هاویشتنە بە ڕووی تاریكی و قسەكردنە لەپشت پەردەی ڕەش، تەنها هەوڵی بچوك و لاوازی مرۆڤە، چونكە سایكۆلۆژیەتی مرۆڤ وایە كە حەز بە زانینی هەموو شتێك دەكات بەڵام مەرج نییە هەموو شتێك فێربێت، چونكە عەقڵی مرۆڤ سنووردارە، بێگومان ئەمەش داناییەكی مەزنی خوایە، بۆیە تاكو ئێستا ئەوشتانەی كە مرۆڤ لەبارەی (ڕۆح) دەڵێت هەمووی تەنها چەند تیۆرو گریمانەیەكن و ڕاستێتیان لەبواری زانستی دا نەچەسپاوە.
بەڵام ئەو هۆكارەی كە وای لێكردم ئەم بابەتە بنوسم، ئەوەیە كە خودی ئەو ڕاستییەی كە ( ڕۆح نهێنی یەو تا ئێستا كەس نازانێت چییە) پەنجەرەیەكەو تێیدا گەورەیی خوای مەزن دەدرەوشێتەوە، كاتێك بیر لە نهێنی ئەم بەخششە خواییە ئەكەینەوە بۆمان دەردەكەوێ كە ڕۆحی مرۆڤ چەندە موعجیزەیەكی مەزنەو, خوایەكی چەندە مەزن ئێمەی لە نەبوون وەدیهێناوەو ڕۆحی پێبەخشیوین و ژیانمان هەڵدەسوڕێنێ! كەچی تا ئێستاش پەیمان بە نهێنیەكەی نەبردووە، دەی ئەو گەمژانەی كە بڕوا بە بوونی خوا ناهێنن با لەخۆیان بپرسن كە كێ ڕۆحی وەدیهێنا؟ یان ئایا وەختێك كە مرۆڤ دەمرێت، ئەو گیانەی كە لە لاشەی دا هەبوو بۆ كوێ دەچێت؟ كێ دەریهێنا؟ بێگومان هەر خوا خۆیشی ڕۆحەكانمان لێ دەسێنێتەوەو دەیباتەوە بۆ لای خۆی! ئێمەش هیچ زانیاری و دەستەڵاتێكمان نییە، بۆیە پێویستە خۆمان تەسلیم بە قەدەرو ویستی ئەو بكەین.
لە ئیبن عەباس گێڕدراوەتەوە كە لە ڕۆژی دوایی دا ناكۆكی دەكەوێتە نێوان ڕۆح و لاشەوە، لاشە بە ڕۆح دەڵێت: تۆ هۆكاری كردنی تاوانەكان بووی، تۆ چێژت لە تاوانەكان وەردەگرت، دەتخواردەوەو ڕاتدەبوارد. لاشە دەڵێت: نەخێر، تۆ هۆكاری تاوانەكان بووی، تۆ بوویت منت دەجوڵاندو وەگەڕت دەخستم ئەگینا من قالبێكی بێ جوڵە بووم، تۆ شایەنی سزای. پاشان خوای پەروەردگار فریشتەیەك دەنێرێتە لایان تاوەكو دادەوەریان لەنێواندا بكات، پێیان دەڵێت: نمونەی ئێوە وەك دووكەس وایە، كە یەكێكیان پەككەوتە بێت و نەتوانێت بڕوات بە ڕێگادا، ئەویتریان كوێرو نابینا بێت، ئەو دوانە چوونە نێو باخێك، پەككەوتەكە بە كوێرەكەی وت: من ئەو بەروبومانە دەبینم كە لەنێو باخەكەدا هەن، بەڵام ناتوانم هەستمە سەرپێ و بڕۆم بە ڕێگادا، كوێرەكەش گوتی: من دەتوانم هەستمەسەرپێ و بڕۆم بە ڕێگادا، بەڵام هیچ نابینم، پاشان پەككەوتەكە بە كوێرەكەی وت : وەرە من هەڵبگرە، تۆ بڕۆو منیش بەروبومەكان دەچنم. ئایا دەبێ سزا بۆ كامیان بێت؟ ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن: بۆ هەردووكیان. فریشتەكەش دەڵێت: دە ئێوەش هەردووكتان شایەنی سزادانن.
سەرچاوەكان:
1- قورئانی پیرۆز.
2- چەند گفتوگۆیەكی ئیمانی و بانگەوازخوازیی، شێخ جاسم متەوەع، و: مزەفەر قەسرێی، لا 18.
3- گەشتەكەم لە گومانەوە بۆ باوەڕ. موستەفا محمود، و: محمد مەلا صالح شارەزووری، لا39.
4- ماڵپەری ویكپیدیا - الروح.
5- www.3rbe.com
6- www.sudanforum.net
 
 
ژماره‌ی بینین‌ : 5694
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll