لابردنى گومان لەسەر نیزامى فرەژنى لە ئیسلام
14/10/2012
پێشەكى وەرگێڕ
بسم الله الرحمن الرحيم
الحمد لله وحده، والصلاة والسلام على من لا نبي بعده... وبعد:
خوێنەرى خۆشەویست: لەم چەند لاپەڕەیەى خوارەوەدا باس لە دوو بابەتى گرنگ دەكەین:
...
یەكەمیان: پاساو و حیكمەتەكانى فرەژنى.
دووەمیان: وەڵامدانەوەى هەندێك لەو گومانانەى كە لەسەر فرەژنى دروست كراون.
ئەم نوسینەش بەشێكە لە كتێبى (فرەژنى لە نێوان شەریعەتى ئیسلامى و یاسا مرۆڤكردەكاندا - ئامادەكردنى: ادریس محمود) كە پاش ماوەیەكى تر (إنشاء الله) بڵاودەكرێتەوە، لە خواى گەورە داواكارین هیدایەتمان بدات بۆ ڕێگاى ڕاست.آمین.
پاساو و حیكمەتەكانى فرەژنى
1. ژمارەى ژنان زیاترن لە پیاوان، پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم دەفەرموێت: " يقل الرجال ويكثر النساء حتى يكون لخمسين امرأة القيم الواحد "(رواه البخاري) واتە: پیاوان كەم دەبنەوە و ئافرەتان زۆر دەبن تاوەكو واى لێ دێت پەنجا ئافرەت یەك سەرپەرشتیارى پیاویان دەبێت.
ئەو ئامارانەى لە وڵاتە جیاوازەكانى جیهاندا كراوە و دەكرێت ئاماژەى ڕوونیان تێدایە سەبارەت بەوەى كە ژمارەى مێینە زیاترە لە ژمارەى نێرینە، ئەمەش بە هۆى زۆرى لەدایك بوونى كچان، وە لەبەرئەوەى بە ویست و تواناى خواى گەورە ژمارەى مردووان لە پیاواندا زیاترن وەك لە ئافرەتان، پیاوان لە بەرەكانى جەنگدا شەڕدەكەن و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەكى زۆریان لەناو دەچن، ئەمەش سەربارى ئەوەى كە پیاوان لە ڕووداوەكاندا زیاتر لە ئافرەتان لە ناودەچن، چونكە پیاوان لە ماڵ دەردەچن بۆ كاسبى و بەدەستهێنانى ڕزق و لە پێناوى ئەوەشدا لە شوێنێكەوە دەچن بۆ شوێنێكى تر، و هەموو هەوڵ و كۆششى خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ پەیداكردنى پارووى بژێوى، هەر ئەمەشە وادەكات زیاتر ڕووبەڕووى نەخۆشى و مردن ببنەوە، لە كاتێكدا ئافرەتان لە ماڵەوەن و دوورن لەم كێشانەوە.
بە هۆى ئەوانەوە كە باسمانكرد جیاوازیەكى تاڕادەیەك زۆر هەیە لە نێوان ڕێژەى نێرینە و مێینە، و لێرەدا فرەژنى چارەسەرێكى سەركەوتووە بۆ ئەو جیاوازى ڕێژەیە.
ئەو ئامارانەى كە پاش جەنگى جیهانى دووەم لە ئەوروپادا كراون دەریانخستووە لە بەرامبەر هەر پیاوێكدا حەوت ئافرەت هەیە، بە هۆى ئەمەشەوە داوێن پیسى بە شێوەیەكى بەربڵاو پەرەى سەندووە. وە لە كتێبى ساڵانەى نەتەوە یەكگرتووەكانى سەبارەت بە ژمارەى دانیشتوان هاتووە لە ساڵى (1384هـ - 1964م) ئامارەكان دەریانخستووە لە یەكێتى سۆڤێتدا ئافرەتان بە ڕێژەى بیست ملیۆن و لە ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمریكا دوو ملیۆن و لە ئەڵمانیاى ڕۆژئاوادا سێ ملیۆن لە پیاوان زیاترن.
ئەوەى كە كێشەكە زیاتر دەكات ئەوەیە هەندێك لە پیاوان بە هۆى خراپى بارى گوزەرانەوە ناتوانن ژیانى هاوسەرێتى پێكەوە بنێن بۆیە ژنهێنان دوادەخەن بۆ كاتێك كە تواناى داراییان باش ببێت و بتوانن ژیانى خێزانى بە خۆشى بەرنەسەر، ئەمەش بە پێچەوانەى كچانەوە كە لە تەمەنێكى كەمدا ئامادەباشیان هەیە بۆ مێردكردن (شووكردن)، وە لە زۆربەى ئەندازەگرتن(تقدیرات)ەكاندا ئەوە دەردەكەوێت كە ڕێژەى ئەو ئافرەتانەى شیاون بۆ مێردكردن لەگەڵ ئەو پیاوانەى كە شیاون بۆ ژنهێنان ڕێژەى چوار ئافرەتە بۆ یەك پیاو،
بۆ چارەسەركردنى ئەم كێشەیەش سێ ڕێگا چارەمان لەبەردەستدایە:-
1. ئەوەیە هەرپیاوێك كە شیاوى ژنهێنان بێت تەنها یەك ژن بهێنێت كە شیاوبێت بۆ شوكردن، و ژمارەیەك ئافرەت بە بێ مێرد بمێننەوە.
2. ئەوەیە هەرپیاوێك كە شیاوى ژنهێنان بێت تەنها یەك ژن بهێنێت كە شیاوبێت بۆ شوكردن، پاشان لەگەڵ ئافرەتێك یان زیاتردا ڕابوێرێت (بە ناشەرعى).
3. ئەوەیە كە هەموو یان هەندێك لەو پیاوانەى كە شایستەى ژنهێنانن زیاتر لە ژنێك بهێنن بە شێوازێكى ئاشكرا و شەرعى.
سەبارەت بە خاڵى یەكەم: كە بریتیە لەوەى ئافرەت بە بێ مێرد بمێنێتەوە ئەمە كارێكى ناسروشتیە، و دژى ئەو فیترەتەیە كە خواى گەورە مرۆڤى لە سەر دروست كردووە، چونكە ئافرەت ناتوانێت خۆى بێ پێویست بكات لە پیاو، و ئیشكردن و كاسپى كردن قەرەبووى پێویستى فیترەتى ئافرەت بۆ ژیانێكى سروشتى ناكەنەوە، جا ئەوەش پێویستى غەریزى و جەستەیى بێت یان پێویستى ڕووحى و ژیرى.
وە خاڵى دووەم: دژى ئایینى ئیسلامە، و لەگەڵ ڕەوشتى پاكى كۆمەڵگاى ئیسلامیدا ناگونجێت، هەروەكو چۆن دژى ڕێز و كەرامەت و مرۆڤیەتى ئافرەتە، وە دەبێتە هۆى بڵاوبوونەوەى داوێن پیسى و زینا.
وە خاڵى سێیەم: بێگومان چارەسەرى نمونەیى و گونجاوە كە ئیسلام هەڵى بژاردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو واقیعەى خەڵكى تێدا دەژین.
2. پیاو تواناى وەچەخستنەوەى هەیە تاوەكو كۆتایى تەمەنى ئاسایى كە ئەویش (80)ساڵە كەمتر یان زیاتر بەڵام لاى ئافرەتان (40-50)ساڵە، كەواتە(30)ساڵ جیاوازى لە نێوانیاندا هەیە، بۆیە ئاساییە كە پیاو سوود لەم ماوەیە وەربگرێت بۆ زیادكردنى وەچە و نەوەى خۆى ئەویش بە هێنانى ژنى تر، وە زۆرى وەچە لە شەرعدا داواكراوە، وەكو پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: " النكاح من سنتي، فمن لم يعمل بسنتي فليس مني، وتزوجوا فإني مكاثر بكم الأمم "(ابن ماجة: ج1 ص592) واتە: ژنهێنان لە سوننەتى منە، هەركەسێكیش ئیش بە سوننەتى من نەكات لە من نیە، وە ژن بهێنن چونكە من شانازى بە زۆریتانەوە دەكەم لە لاى نەتەوەكانى تر.
هەروەها ئافرەت ئەگەر سكى پڕ بوو سكەكەى سەرقاڵى دەكات و واى لێ دەكات نەیپەرژێتە سەر لایەنەكانى ترى ژیان تاوەكو دانانى سكەكەى كە نۆ مانگە، سەربارى ئەوەش ئافرەت لە ماوەى سك پڕى و شیرداندا كە دوو ساڵ و شەش مانگە ئامادەباشى زۆر لاوازە بۆ دووبارە سكپڕى، بەڵام لەم ماوەیەدا پیاو خاوەن توانا و غەریزەیە و ئەم حاڵەتانەى بەسەر ئافرەتدا دێن كۆسپن لە ڕێگایدا بۆ خۆپاراستن و داوێن پاكى وە هەروەها بۆ وەچەخستنەوە كە زۆر گرنگە، یان لەوانەیە پیاوەكە حەزى لە منداڵى زۆر هەبێت، و منداڵەكانى ژنى یەكەمى كەم بن، لێرەدا پیاوەكە ژنى دووەم دەهێنێت بۆ ئەو مەبەستە كە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: " وتزوجوا فإني مكاثر بكم الأمم " وە ژن بهێنن چونكە من شانازى بە زۆریتانەوە دەكەم لە لاى نەتەوەكانى تر.
.
3. خواى گەورە توانایەكى جینسى گەورە و ئارەزوویەكى بەهێزى بە پیاوان بەخشیوە بۆ جووت بوون (جماع)، بۆیە هەندێك لە پیاوان هەست بەوە دەكەن كە یەك ژن پێداویستى جنسییان بۆ پڕ ناكاتەوە بە تایبەت كە ئافرەت ماوەیەك لە هەموو مانگێكدا دەكەوێتە سوڕى مانگانەوە وە لە كاتى منداڵ بوونیشدا ماوەیەكى زۆر خوێنى منداڵبوون(نیفاس)ى هەیە، بۆیە لەم كاتەدا پیاوەكە ناچار دەبێت بۆ یەكێك لەم شتانە:
یەكەم: بە شێوازێكى شەرعى پێداویستى جینسى خۆى پڕ بكاتەوە ئەویش لە ڕێگاى هێنانى ژنى دووەمەوە. ئەمەش تاكە شتێكە كە وەڵامى پێداویستیە فیتریە واقیعیەكانى ژیان دەداتەوە، وە ژنى یەكەمیش لە ژیانى هاوسەرێتى بێبەش نابێت.
دووەم: ئەوەیە پیاوەكە كپ(كبت) بكەین و بە زۆر ڕێی لێ بگرین كە چالاكى فیترى خۆى ئەنجام بدات. كەئەمەش دژى فیترەتى مرۆڤە، و لە سەرووى تواناى مرۆڤەوەیە، و ئەگەر زۆرمان لە پیاوكرد لەسەرئەوە ئەوا بێگومان لە ئەنجامدا ڕقى لە ژیانى هاوسەرێتى دەبێتەوە و لێى هەڵدێت.
سێیەم: پێداویستى جینسى خۆى بە شێوازى ناشەرعى پڕ بكاتەوە كە ئەمەش لەگەڵ ڕەوشتى پاكى كۆمەڵگاى ئیسلامیدا ناگونجێت، و دەبێتە هۆى بڵاوبوونەوەى داوێن پیسى.
4. ئافرەت هەیە نەزۆكە و تواناى منداڵبوونى نیە، و پیاوەكەى حەزى لە منداڵە، لێرەدا پیاوەكە دوو ڕێگا چارەى لەبەردەمدایە كە سێیەمى نیە:
أ. ئەوەیە ئافرەتە نەزۆكەكە تەڵاق بدات و ژنى دووەم بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى ئافرەت بە بێ مێرد بمێنێتەوە چونكە پیاوان حەزیان لێ نیە ئافرەتى نەزۆك بهێنن، بەمەش ئافرەتەكە بێبەش دەبێت لە ژیانی هاوسەرێتى.
ب. ژنێكى تر بهێنێت و ژنى دووەم لە لاى خۆى بهێڵێتەوە.
وە بێگومان زۆرینەى ئافرەتان ڕێگاچارەى دووەمیان پێ چاكترە، وە هەوڵدەدەن دووربكەونەوە لە ڕێگاى یەكەم كە ماڵەكانیان لێ تێك دەدات و بێبەشیان دەكات لەوەى پێویستیان پێیەتى لە شوێنى نیشتەجێ بوون و پۆشاك و خۆراك و دەرمان و هاوبەش(شریك)ى ژیان (واتە: مێرد).
5. ئافرەتەكە لەوانەیە نەخۆشى درێژخایەنى هەبێت كە بەهۆیەوە نەتوانێت ئەركەكانى ژیانى هاوسەرێتى بەجێ بگەیەنێت بەمەش پیاوەكە ناچاردەبێت ژنى بەسەردا بهێنێت، و ژنى یەكەم لە لاى خۆى بهێڵێتەوە و بایەخى پێ بدات و پێداویستیەكانى ژیانى بۆ ئامادە بكات.
6. جارى وا هەیە پیاو بە حوكمى ئیشەكەى سەفەر زۆر دەكات و ماوەیەكى زۆر لە وڵاتى تردا دەمێنێتەوە و ناتوانێت ژنەكەى لەگەڵ خۆیدا ببات، بۆیە لێرەدا پیاوەكە بۆ تێركردنى ئارەزووى جینسى خۆى لە نێوان دوو حاڵەتدا دەبێت:
یەكەمیان: ئەوەیە بە ناشەرعى لەگەڵ ئافرەتدا ڕابوێرێت.
دووەمیان: ئەوەیە ژنى دووەم بە شێوازێكى شەرعى بهێنێت.
بێگومان ئەوەى دووەم چارەسەرێكى نموونەیى و گونجاوە بۆ كێشەكە، چونكە خاڵى یەكەم دەبێتە هۆى بڵاوبونەوەى داوێن پیسى.
7. لەوانەیە پیاو ڕقى لە ژنەكەى بێت لەبەر هەر هۆیەك بێت لە هۆكارەكان و حەز و مەیلى لێ نەبێت، ئەمەش لەوانەیە لەبەر ڕەوشت خراپى ئافرەتەكە بێت، كە ئەمەش وا دەكات پیاو ئارەزووى جینسى بەرامبەر ئەو ئافرەتە نەمێنێت، لێرەدا وا باشە بۆ ئافرەتەكە كە لەگەڵ پیاوەكەیدا بمێنێتەوە هەرچەندە ڕقیشى لێیەتى (چونكە هۆكارى ڕق لێبوونەكە ئافرەتەكە خۆیەتى)، پاشان پیاوەكەى ژنێكى تر بهێنێت بەمەش خۆى لە داوێن پیسى بپارێزێت.
8. نیزامى فرەژنى بوار و هەلى شووكردن زۆر دەڕەخسێنێ بۆ قەیرە كچان و تەڵاقدراوان و بێوەژنان، چونكە هەندێك لە ئافرەتان لە ژیانێك دا دەژین كە زۆر زیانى زیاترە لە ژیان لەگەڵ نیو یان سێیەك یان چواریەكى مێردێك.
9. فرەژنى دەبێتە هۆى چارەسەركردنى هەندێك لە كێشە مرۆڤایەتیەكان لەوانەش:
أ. ئافرەتێك پیاوەكەى بمرێت و چەند منداڵێك لە دواى خۆى بە جێ بهێڵێت، لێرەدا ئیسلام هانى پیاو دەدات بۆ هێنانى ئەو ئافرەتە لە بەر دوو هۆ:
یەكەمیان: داوێن پاكى ئافرەت و پاراستنى كەرامەتى لە ماڵێكدا كە تیایدا هەست بە ئاسوودەیى و دڵنیایى بكات و پێداویستیەكانى ژیانى بۆ دابین بكرێت.
دووەمیان: كەفالەت و چاودێریكردن و بایەخ پێدانى منداڵە هەتیوەكانى و لەم بارەیەشەوە پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم فەرموویەتى: " أنا وكافل اليتيم في الجنة هكذا – وأشار بالسبابة والوسطى وفرق بينهما- " (رواه البخاري) واتە: من و سەرپەرشتیار (بەخێوكەرى) هەتیو بەو شێوەیەین لە بەهەشتدا - وە ئاماژەى بە پەنجەى شایەتومان و پەنجەى ناوەڕاست كرد و لێكى جیاكردنەوە -.
ب. ئافرەتێك جوان نەبێت یان نەخۆشیەكى هەبێت، كە ئەمە پەیوەندى بە ڕەوشتیەوە نیە، ئایا بۆمان دروستە بێبەشى بكەین لە چێژى ژیانى هاوسەرێتى و منداڵبوون؟ وەڵامەكەى ئەوەیە كە بۆمان دروست نیە، و ئیسلام هانى موسڵمانان دەدات كە ئافرەتى لەو شێوەیە بهێنن، و خۆشى و شادى بخەنە دڵیانەوە.
ج. ئافرەتێك لەبەر بارودۆخێكى تایبەت بە بێ مێرد ماوەتەوە، تا گەیشتووەتە تەمەنى نائومێدى و حەزى لە مێردكردنە، بۆیە ئەم ئافرەتە چاكترە بۆى شوو بكات بەپیاوێك (هەرچەندە ژنێكى تریشى هەبێت) بۆ ئەوەى بۆشایى ژیانى بۆ پڕبكاتەوە و بە تەنهایى ژیان نەباتە سەر.
د. جارى وا هەیە براى مێرد یان یەكێك لە خزمە نزیكەكانى دەمرێت، و ژن و منداڵ لەدواى خۆى بەجێ دەهێڵێت، و پیاوەكە دەترسێ دەربەدەرببن، بۆیە لێرەدا لەبەر پاڵنەرێكى مرۆڤایەتى ژنى براكەى (كە بێوەژنە) یان ژنى خزمە نزیكەكەى دەهێنێت بۆ ئەوەى چاودێرى خۆى و منداڵەكانى بكات و بیانپارێزێت لە تیاچوون و دەربەدەرى.
لە كۆتاییدا دەڵێین: ئەوەى باسمان كرد هەموو پاساوەكانى نین بۆ دەستگرتن بە نیزامى فرە ژنیەوە بەڵكو چەندین پاساوى تر هەن كە لە كۆمەڵگایەكەوە بۆ كۆمەڵگایەكى تر دەگۆڕێن، و پاڵنەرن بۆ پیاوى موسڵمان بۆ ئەوەى زیاد لە ژنێك بهێنێت.
وە ئەوەى گومانى تێدا نیە ئەوەیە كە فرەژنى وەكو باسمان كرد كۆمەڵگا دەپارێزێت لە خراپ بوونى ڕەوشت، وە خەڵكى دەپارێزێت لە تووش بوون بە نەخۆشیە كوشندەكان وەكو (زوهەری، ئایدز...هتد).
لابردنى گومان لەسەر نیزامى فرەژنى لە ئیسلام
ئەگەر فرەژنى خراپ بێت و زیانى هەبێت وەكو هەندێك كتێبى نەیارانى ئیسلام باسى دەكەن، ئەوا ئەم خراپیانە بۆ خراپ جێبەجێكردنى خەڵكى دەگەڕێتەوە نەك بۆ خودى نیزامەكە، وە ئەوەى كە دەبینرێت لە هەندێك حاڵەتى فرەژنیدا پیاو ستەم لە ژنەكەى دەكات، هۆكارەكەى كەمتەرخەمى و نادادپەروەرى و خراپ مامەڵەكردنى پیاوەكەیە، ئەمە سەربارى ئەوەى كە هەندێك لە ژنان پابەند نین بە دینەوە و كێشە بۆ پیاوەكانیان یان بۆ هەویەكانیان دروست دەكەن.
ئەمانەى خوارەوەش چەند شوبهە و گومانێكن كە نەیارانى ئیسلام لەسەر نیزامى فرەژنى دروستى دەكەن لەگەڵ وەڵامدانەوەیان:
1. دەڵێن: ئیسلام فرەژنى بۆ پیاو حەڵاڵ كردووە ئەى بۆچى فرە پیاوى بۆ ژن قەدەغەكردووە.
دەڵێین: خواى گەورە فرەژنى داناوە وە حەڵاڵى كردووە بۆ بەندەكانى، بۆیە با ئەوانەى كە دژى فرەژنى زوڕنا دەژەنن بزانن فرەژنى زۆربەى كات پەرژینێكە خێزان لە پەرتەوازەیى و لێك هەڵوەشان دەپارێزێت، وە وەڵامى ئەو گومانەشیان بەوە دەدەینەوە كە: یەكسانى پیاو و ژن لە مەسەلەى زەواجدا نابێ یەكسانیەكى ڕەها(مطلق) بێت ئەمەش لەبەر جیاوازى سروشت(طبيعة)ى هەریەك لە پیاو و ژن، وە یەكسانى لە نێوان دوو شتى جیاوازدا واتا ستەم كردن لە یەكێكیان، خواى گەورە یەك ڕەحمى بۆ ئافرەت دروستى كردووە، و ئافرەت یەك جار لە ساڵێكدا سكى پڕ دەبێت، و منداڵێكى دەبێت لە یەك پیاوەوە. بەڵام پیاو وا نیە بەڵكو دەكرێ چەند منداڵێكى هەبێت لە چەند ژنێكەوە، نەسەبیان دەدرێتە پاڵى و بەرپرسیار دەبێت لە پەروەردەكردن و خەرجى كێشانیان، و فێركردن و چارەسەركردنیان، وە هەركارێكى تر كە پەیوەست بێت بە خۆیان و دایكەكەیانەوە.
بەڵام ئافرەت كاتێك شوو دەكات بە سێ یان چوار پیاو، كێ لەو پیاوانە بەرپرسیار دەبێت لە ژیانى هاوسەرێتى؟ پیاوى یەكەم؟ یان دووەم؟ یان سێیەم؟ یان چوارەم؟ پاشان منداڵەكانى ئەو ئافرەتە دەدرێتە پاڵى كام لەو پیاوانە؟ ئایا دەدرێتە پاڵ یەك پیاو لەوانە ؟ یان دەدرێتە پاڵ هەموویان؟ یان ئافرەتەكە یەكێك لەو پیاوانە هەڵدەبژێرێت پاشان منداڵەكانیان دەداتە پاڵ؟ وە لە ڕاستیدا سوننەتى خواى گەورە لە دروستكراوەكانیدا وایە كە نیزامى یەك ژنى و یەك پیاوى گونجاوە بۆ پیاو و ژن، وە نیزامى فرەژنى ناشێت بۆ ژن، بەڵام بۆ پیاو زۆر زۆر گونجاوە، ئافرەت - وەكو زانراوە - یەك ڕەحمى هەیە، بۆیە ئەگەر شوو بە زیاتر لە پیاوێك بكات ئەوا منداڵەكەى لە خوێنى جیاواز دروست دەبێت، بۆیە ناتوانرێت ئەو كەسە دیارى بكرێت كە لە ڕووى كۆمەڵایەتى و ئابورى و یاساییەوە لە منداڵەكە بەرپرسیار دەبێت، لە كاتێكدا سروشتى پیاو واگونجێنراوە كە دەتوانێت چەند ژنێكى هەبێت، و كۆرپەلە لە دڵۆپە ئاوێك دروست دەبێت، پاشان باوكى ئەو كۆرپەلەیە ناسراو دەبێت و بەرپرسیارێتى تەواوى دەبێت بەرامبەر كۆرپەلەكە لە هەموو حاڵەتێكدا.
بەرپرسیارێتى كۆمەڵایەتى لە نیزامى فرەژنیدا لەسەر بنچینەى پەیوەندى(رابطة‌)ى خوێن پەیوەندیەكى سروشتى پتەوە، بەڵام نیزامى فرە پیاوى بنچینەیەكى سروشتى نیە كە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانى لەسەر بونیاد بنرێت، چونكە ئەگەر ئافرەت زیاد لە پیاوێكى هەبوو ئەوا ناتوانرێت بنچینەى سروشتى خۆى و خێزانەكەى بزانرێت.
فرەپیاوى ڕێگر دەبێت لەوەى كە ئافرەت بە شێوەیەكى دادپەروەرانە و یەكسان ئەركەكانى سەرشانى خۆى جێبەجآ بكات جا ئەركى ماڵەوە بێت یان ئەركى ژن و مێردایەتى(پەیوەندى جینسى) بەتایبەتیش لەكاتێكدا ئافرەت مانگانە بۆ ماوەى پێنج ڕۆژ یان حەوت ڕۆژ لە سوڕى مانگانە(حەیز)دا دەبێت، هەروەها ئەگەر سكى پڕ بێت نۆ مانگ ئازارى جەستەیى دەبێت، كە ئەمەش واى لێدەكات نەتوانێت ئەركەكانى سەرشانى جێبەجێ بكات بەرامبەر بە پیاوەكانى، لێرەشدا بێگومان پیاوەكانى پەنادەبەنە بەر داوێن پیسى یان تەڵاقدانى ژنەكە بەمەش ژیانێكى ناڕێك و ناجێگیر بەسەردەبات.
لە كۆتاییدا دەڵێین: كۆمەڵگا هیچ سودێك ناكات لە نیزامى فرە پیاوى بە پێچەوانەى نیزامى فرە ژنیەوە كە هەلى زۆرى شووكردن دەڕەخسێنێت بۆقەیرەكچان و تەڵاقدراوان و بێوەژنان، وە لە لایەكى تریشەوە ئەگەر ڕێگە بە ئافرەتان بدرێت زیاد لە شوویەك بكەن، ئەوا ژمارەى قەیرەكچان زۆر زیاد دەبن و بارودۆخى كۆمەڵایەتى ئافرەتان زۆر بەرەو خراپى دەچێت، وە بە هیچ شێوەیەك دادپەروەرى نیە ڕێگە بدرێت بە ئافرەت چەند پیاوێكى هەبێت بە بیانووى یەكسانیكردنى لەگەڵ پیاودا، وە دادپەروەریش نیە كە پیاو بێبەش بكرێت لەوەى كە چەند ژنێك بهێنێت بە بیانووى یەكسانى لەگەڵ ئافرەت لە مافى ژنهێناندا.
2. دەڵێن: فرەژنى دەبێتە هۆى دروستكردنى ناكۆكى لە نێوان ئەندامەكانى یەك خێزاندا ئەمەش لە ئەنجامى ئەو دژایەتیەى كە هەیە لە نێوان ژنەكانى یەك پیاو وە هەروەها لە نێوان منداڵەكانیاندا.
لە وەڵامدا دەڵێین: ئەم ناكۆكیە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو غیرە سروشتیەى كە دەروونى مرۆڤایەتى ڕزگارى لێى نابێ، ئەم غیرەیە لە ئافرەتاندا لە سایەى نیزامى فرەژنیدا دەردەكەوێت، وە غیرە و خەفەت ئەم دوانەى كە ئافرەت لە كاتێكدا ژنى دێتە سەر هەستى پێدەكات شتێكى (عاطفية‌)، سۆز(عاطفة‌)ش دروست نیە پێش كارێك لە كارەكانى شەرع بخرێت. وە ئەو زیانانەى بە هۆى فرەژنیەوە توشى ئافرەت دەبێت زۆر كەمترە لەو زیانانەى كە بەهۆى بێ مێردیەوە توشى دەبێت. وە تێبینى دەكرێت كە ئەو غیرەیەى لاى ئافرەتان هەیە ڕێگر نەبووە لە بەردەم پێغەمبەرى خوا صلى الله عليه وسلم و هاوەڵاندا كە نیزامى فرەژنى پیادە بكەن. زۆرجار ئەم غیرەیەش سەردەكێشێت بۆ كێشە و ململانآى نێوان ژنەكانى پیاوێك لە ناو خۆیاندا وە لەگەڵ خزم و كەس و كارى نزیكى مێردەكەیاندا، وە زۆر جار ئەم كێشانە دەگەڕێتەوە بۆ كەمتەرخەمى و لاوازى پیاو لە بەڕێوەبردنى خێزاندا وە نەبوونى دادپەروەرى لە مامەڵەكردنى لەگەڵ خێزانەكانیدا. وە تێبینى دەكرێت زۆرجاریش كێشەكان لەسەر داخوازییەكە لە داخوازییەكانى ژیانى خێزانى لە خواردن و پۆشاك و شوێنى نیشتەجێبوون و هاوشێوەى ئەوانە، یان ناكۆكیەكە لەسەر پلەوپایەى هەر ژنێكیانە لاى پیاوەكەى، وە پایەى منداڵ لەلاى باوكەكەى، ئەم كێشە و ناكۆكیانە لە حاڵەتى یەك ژنیشدا بوونى هەیە، بۆ نمونە هەندێك جار ئافرەت كێشەى لەگەڵ پیاوەكەیدا دەبێت سەبارەت بە پایەى لەلاى پیاوەكەى لە چاو دایك و خوشكەكەیدا، وە هەندێك لەم كێشانە ئەوەندە توندوتیژن سەردەكێشن بۆ جیابوونەوە (تەڵاق) لەبەرئەوەى پیاوەكە نەیتوانیوە پێداویستیەكانى بۆ دابین بكات وەكو پۆشاك و زێڕ و كەلوپەلى ناوماڵ، بۆیە پێمان وایە چارەسەرى ئەم كێشانە بە پلەى یەكەم پشت دەبەستێت بە كەسێتى و تواناى پیاوەكە لە بەڕێوەبردنى كاروبارى ماڵ و خێزانەكەیدا، بۆیە ئەگەر پیاوەكە دادپەروەر و خەمخۆر بوو ئەوا ئەم كێشانەى تووش نابێت، بەڵام ئەگەر كەسێتیەكى لاوازى هەبوو ئەوا بێگومان لاوازى و كێشە ڕوودەكاتە خێزانەكەى، جا خاوەنى یەك ژن بێت یان زیاتر، خێزانى وا هەیە تەنها لە ژن و پیاوێك و چەند منداڵێك پێك دێت كەچى خێزانێكى پڕ لە كێشە و ناكۆكیە، ئەمەش بە هۆى ئەوەوەیە كە پەیوەندى نێوان ژن و مێردەكە لەسەر بنچینەیەكى دروست نەبووە یان ڕەوشتى هەردوكیان یان یەكێكیان خراپە.
3. دەڵێن: نیزامى فرەژنى مافى ئافرەت دەخوات و پێشێلى دەكات وە هەروەها ئافرەت بێ ڕێز دەكات.
لە وەڵامدا دەڵێین: ئەم قسەیە بە هیچ شێوەیەك ڕاست نیە، فرەژنى ڕەحمەتە بۆ ئافرەتان، ئەمەش لەبەرئەوەى كە ژمارەى ئەو پیاوانەى شیاوى ژن هێنانن زۆر كەمترن لەو ئافرەتانەى كە شیاون بۆ شووكردن وەكو پێشتر باسمان لێوە كرد، وە بوونى ئافرەت وەكو ژنى دووەم یان سێیەم یان چوارەم باشترە بۆى لەوەى كە بەتەنها و بە بێ مێرد بمێنێتەوە، یەكێك لە بیرمەندانى ئەوروپا لەم بارەیەوە دەڵێت: (نیزامى هێنانى یەك ژن و بەس وە جێبەجێكردنى بە شێوەیەكى توند لەسەر ئەو گریمانەیە بونیاد نراوە كە ئەندامەكانى هەردوو ڕەگەز(ژن و پیاو) یەكسان بن، وە مادام حاڵەتەكە بەو شێوەیە نیە(واتە: ژمارەى ئافرەتان لە پیاوان زیاترن)، ئەوا مانەوەى (نیزامى یەك ژنە) دڵ ڕەقى و توندوتیژى زۆرى تێدایە بەرامبەر بەو ئافرەتانەى كە بارودۆخ ناچارى كردوون بە قەیرەیى بمێننەوە).
وە هەروەها پێمان وایە نیزامى فرەژنى ئافرەت دەپارێزێت و ڕێزى پێ دەبەخشێت و دەیكات بە ژنێكى بەڕێز، وە پێویستە ئافرەتان ئەوە بزانن كە هێنانى تەنها یەك ژن لە لایەن پیاوانەوە هیوا و ئومێدى زۆرێك لەو ئافرەتانە بەدى ناهێنێت كە مافى خۆیانە ببن بە ژن و دایك و كەیبانووى ماڵ. وە هەروەها پەیڕەونەكردنى فرەژنى لەلایەن پیاوانەوە دەبێتە هۆى مانەوەى زۆرێك لە ئافرەتان بەبێ مێرد و بە بێ منداڵ و خێزان، كە ئەمەش مەترسیەكى گەورە دروست دەكات لەسەر ئافرەت خۆى وە هەروەها لەسەر ئەو كۆمەڵگایەشى كە ئەو ئافرەتانە تیایدا دەژین، وە حەڵاڵ كردنى فرەژنى لەلایەن ئیسلامەوە هیچ ستەمێكى تێدا نیە بەرامبەر بە ئافرەتان، وە ناشبێتە هۆى پێشێل كردن و خواردنى مافەكانیان چونكە ئیسلام مافى ئەوەى پێ بەخشیوە كە دەتوانێت لە گرێبەستى هاوسەرێتی(عقد الزواج)دا ئەوە بە مەرج دابنێت كە نابێت پیاوەكە ژنى تر بهێنێت، وە ئەگەر ئەم مەرجەى دانا و پیاوەكەى ژنى هێنا ئەوا ژنەكە دوو خیارى لەبەردەستتدایە یان ئەوەتا عەقدەكە فەسخ بكات(و لە پیاوەكەى جیابێتەوە)، یان ئەوەتا بەو واقیعە ڕازى بێت كە پیاوەكەى ژنى تر بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئافرەت ئەم مەرجەى دانەنا و پیاوەكەى مافى پێشێل كرد ئەوا دەتوانێت داواى تەڵاق بكات.
وە ئەگەر فرەژنى زیان بگەیەنێت بەژنى یەكەم ئەوا بێگومان سوود دەگەیەنێت بە ژنى تازە، چونكە ژنى تازە شوو ناكات بە پیاوەكە ئەگەر بزانێت سوودى نیە بۆى، وە ئەو زیانانەى كە ژنى تازە توشى دەبێت زۆر كەمترە لەو زیانانەى كە لەكاتى مانەوەى بەبێ مێرد تووشى دەبێت - وەكو لە شەرعیشدا زانراوە - زیانى زۆر دوور دەخرێتەوە بە زیانى كەم.
4. دەڵێن: فرەژنى هۆكارى سەرەكیە لە پشتگوێخستن و كەمتەرخەمى لە پەروەردەكردنى منداڵدا.
دەڵێین: ئەم پشتگوێخستن و كەمتەرخەمیە هۆكارەكەى فرەژنى نیە بەتەنها بەڵكو چەندین هۆكارى ترى هەیە لەوانە: گوێ پێنەدانى باوكەكە بە هەندێك كردار وەكو ئارەق خواردنەوە و جگەرە كێشان و قوماركردن و... هتد، ئەم گوێ پێنەدانەش هەندێك جار بەهۆى جیاوازى و ناكۆكى نێوان ژن و پیاوەوە دروست دەبێت سەبارەت بەو كاروبێرانەى كە پەیوەندیان بە خێزانەوە هەیە.
هەروەها نەبوونى كەسێكى دڵسۆز كە سەرپەرشتى منداڵ بكات و ئاراستەى بكات بۆ كارى خێر و ڕێگاى ڕاست وادەكات منداڵ لادەر و گومڕا دەربچێت. بەڵام دەربارەى دەربەدەر بوونى منداڵ و پەیوەندى بە فرەژنیەوە بە پێی ئامارێكى نوسینگەى خزمەتگوزارى كۆمەڵایەتى بۆ توێژینەوە لە حاڵەتى دەربەدەرى (تشرد) لە قاهیرە دەركەوتووە كە لە حاڵەتەكانى دەربەدەربوون تەنها لە سەدا سێ یان بەهۆى فرەژنیەوە بووە كەئەمەش ڕێژەیەكى زۆر لاواز و كەمە، كە ناتوانرێت بە هۆیەوە باس لەوە بكرێت كە فرەژنى دەبێتە دەربەدەربوونى (منداڵان)، لە هەمانكاتدا نابێ (ئەو ڕێژەیە) بكرێت بە بنچینەیەك بۆ بیركردنەوە لە دانانى سنورێك بۆ فرەژنى لەگەڵ ئەو سوودە كۆمەڵایەتیە زۆرانەى كە لێى دەكەوێتەوە.
5. دەڵێن: فرەژنى دەبێتە هۆى زۆرى منداڵ ئەمەش دەبێتە هۆى هەژارى و بێكارى.
دەڵێین: ئەمە قسەیەكى نادروست و ڕەدكراوەیە چونكە زۆرى منداڵ لەگەڵ پەروەردەكردنى جواندا لە گرنگترین هۆكارەكانى هێزى نەتەوە و بەرەو پێشچونی ژیانیەتى.
وە هەژارى و بێكارى - وەكو دەزانین - لە هەندێك لە وڵاتە عەرەبى و ئەفەریقیەكاندا وە هەروەها لە ئوسترالیاشدا هەیە لەگەڵ ئەوەشدا كە زەویەكى فراواوانیان هەیە و سەرچاوەى سروشتیان زۆرە، وە ئەگەر خەڵكەكەى بە باشى بەكاریان بهێنایە ئەوا هەژارى و بێكارى ڕووبەڕوویان نەدەبوویەوە، و دەرامەتیان بەشى چەند ئەوەندەى خۆیانى دەكرد. وە پێمان وایە كە زۆرى منداڵ لە وڵاتە ئیسلامیەكاندا داخوازیەكى شەرعیە و گرنگیشە، چونكە یارمەتى نەتەوە دەدات لە زیادكردنى بەرهەمى كشتوكاڵى و پیشەسازى و بازرگانى، و موسڵمانان پێویستیان بە هێنانى كرێكارى بیانى نابێت، كە لە ڕووى بیروباوەڕ و داب و نەریتەوە لێك جیاوازن. وە لەكۆتاییدا دەڵێین: زۆرى منداڵ هۆكارێك نیە بۆ هەژارى چونكە ڕزقیان لەلاى خواى گەورەیە (كە هەر خۆى ڕزق و ڕۆزى بە هەموو بەندەكانى دەدات)، بەڵكو پێچەوانەى ئەو قسەیەى سەرەوە ڕاستە چونكە فرە منداڵى هۆكارى زیادبوون و فراوانبوونى ڕزقە نەك كەم كردنەوە و تەسك كردنەوەى، وەكو خواى گەورە دەفەرموێت:{وَلاَ تَقْتُلُواْ أَوْلادَكُمْ خَشْيَةَ إِمْلاقٍ نَّحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُم إنَّ قَتْلَهُمْ كَانَ خِطْءًا كَبِيرًا} (31) سورة الإسراء واتە: منداڵەكانتان مەكوژن لە ترسى برسێتیدا ئێمە ڕزقى ئەوان و ئێوەش دەدەین، بەڕاستى كوشتنى (ئەو منداڵانە) گوناه(تاوان) ێكى گەورەیە.
6. دەڵێن: بارودۆخى ئابوورى لەسەردەمى نوێدا ڕێگە بە پیاو نادات فرەژنى بكات چونكە ئەركى ماڵى زۆرى دەخاتە سەر بەهۆى نەفەقەكێشانى ژن و منداڵەكانى لەكاتێكدا كە داخوازیە تاكەكەسیەكان زیادیان كردووە و سەرچاوەكانى دەرامەتیش بوونەتەوە.
دەڵێین: فرەژنى قەزیەیەكى كۆمەڵایەتى و ئایینییە و قەزیەیەكى ئابوورى نیە، وە ئەو كێشە ئابوریانەى كە توشى خێزان دەبێت لە كاتى فرەژنیدا كەمترە لەو كێشە كۆمەڵایەتیانەى تووشى خێزانێك دەبێت لە كاتێكدا كە قەیرەكچ و بێوەژن و تەڵاقدراوى تێدابێت، وە ڕزق بە دەستى خواى گەورەیە، مرۆڤ ناتوانێت ڕزقى خۆى دابین بكات لە سایەى یەك ژندا، هەتا لە سایەى نیزامى فرەژنیدا شكاتى لێ بكات.
پیاوى وا هەیە یەك ژنى هەیە بەڵام دەست بڵاوە و لە ڕووى مەترسى ئابووریەوە لە چوار ژنى چاك مەترسى زیاترە كە لەلاى پیاوێكى تردا بێت. وە لە سەردەمى نوێدا داهاتى تاكەكەس زیاد دەكات هەركاتێك ژمارەى ژنەكانى زیاد بكات، چونكە ئێستا دەرگاكانى ئیشكردن واڵایە لەبەردەم ئافرەتاندا، و ئافرەت ئیش دەكات و موچەى مانگانە وەردەگرێت، ئەمەش دەرفەت و هەلێكى باشە بۆ ژن و مێرد بۆ پاشەكەوتكردن و وەبەرهێنان و بەرزكردنەوەى ئاستى بژێوى و بەدیهێنانى خۆشگوزەرانى بۆ سەرجەم تاكەكانى خێزان. وە لە فەرموودەیەكى (ابن مسعود) دا هاتووە كە " ڕزق و ئەجەل(كاتى مردن) و كردەوە و بەدبەختى و بەختەوەرى لە تەمەنى (120) ڕۆژیدا و لە سكى دایكدا لەسەر مرۆڤ دەنوسرێت " (البخاري ومسلم).
كەواتە هیچ مرۆڤێك نایەتە ژیانەوە ئیللا ڕزقەكەى لە لایەن خواى گەورەوە دیاریكراوە، بۆیە پێویستە پشت بە خواى گەورە ببەستین.

وصلى الله على نبينا محمد وعلى آله وصحبه وسلم
 
ژماره‌ی بینین‌ : 3937
زیاتر ...
  زاهید هه‌ورامی - Zahid Hawrami
Scroll