به‌هۆی هێنانه‌وه‌ی پشیله‌ بۆماڵه‌وه‌ کێشه‌ له‌ نێوان کچێک و دایکێك رووده‌دات تا ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی کچه‌که‌ دایکی خۆی بکوژێت، رادیۆی (بی بی سی) به‌ریتانی بڵاویکرده‌وه:‌ که‌ کچێکی ته‌مه‌ن 32 ساڵی به‌ناوی (جولی مارتین) له‌ هه‌رێمی (رتفریشایه‌ر) له‌ وڵاتی ئوسکتله‌ندا ته‌نها له‌سه‌ر پشیله‌یه‌ک دایکی خۆی کوشتووه‌. رادیۆیه‌که‌ ئاشکرای کرد که‌ ئه‌و دایکه‌ی کرا به‌ قوربانی پشیله‌که‌ ناوی (گرێتا دێڤار)بووه‌ و ته‌مه‌نیشی 57 ساڵ بووه، هه‌روه‌ها ‌ دادگای باڵای (گلاسکۆ ئوسکتله‌ندا) له‌ راپۆرێکدا روونی کردۆته‌وه‌ که‌ جولی و دایکی له‌سه‌ر پشیله‌یه‌کی ماڵه‌وه‌ کێشه‌یان که‌وتۆته‌ نێوانه‌وه‌، جولی پشیله‌که‌ی هێناوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و دایکیشی سه‌رزه‌نشتی کردووه‌ و پێیگوتووه‌ که‌ ده‌بێت پشیله‌که‌ له‌ماڵ نه‌هێڵێت و جولیش رازی نه‌بووه‌ و ئیدی مشتومڕ و ده‌مه‌قاڵی له‌نێوان دروست بووه‌ و جولیش که‌ زۆر له‌ دایکی تووڕه‌ ده‌بێت په‌رداخێکی شووشه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌گرێت و له‌ سه‌ری دایکی ده‌کات و دایکی ده‌سته‌جێ گیانی ده‌رده‌چێت. دوای ئه‌مه‌ش جولی خۆی په‌یوه‌ندی به‌ پۆلیس ده‌کات و هه‌رزووش دان به‌ تاوانه‌که‌ی داده‌نێت و ئه‌وه‌ش ئاشکراده‌کات که‌ ئه‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌مه‌به‌ستی کوشتن په‌رداخه‌که‌ی له‌دایکی نه‌داوه‌ و شتێک بووه‌ که‌ له‌ده‌ستی ده‌رچووه‌. شایانی باسه‌ هه‌ره‌ها دادگای باڵای گلاسکۆ سزای سێ ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردنی به‌سه‌ر جولیدا سه‌پاند ئه‌مه‌ش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانه‌ی که‌ ده‌رهه‌ق به‌ دایکی ئه‌نجامی داوه.‌