له‌م ماوانه‌ى دواییدا له‌ یابان تێبینى ئه‌وه‌ ده‌كرا كه‌ به‌ هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ رێژه‌ى ته‌ڵاق به‌ره‌و زۆربوون ده‌چێت . بۆیه‌ خه‌ڵكى ئه‌و وڵاته‌ داهێنانێكى نوێیان بۆ مه‌راسیمى ته‌ڵاق هێنا كایه‌وه‌ ، داهێنانه‌كه‌ش بریتیه‌ له‌ سازدانى ئاهه‌نگێكى گه‌وره‌ و داوه‌تكردنى سه‌رجه‌م خزمان و دۆستانى بووك و زاوا تا به‌شداربن له‌ ئاهه‌نگى كۆتاییهێنان به‌ ژیانێكى تاڵ وناخۆش . بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌وڵه‌مه‌ندێكى یابانى به‌ ناوى (هیرۆكى تیرایى) هه‌ڵساوه‌ به‌ دروستكردنى هۆڵێكى گه‌وره‌ له‌ (تۆكیۆ)ى پایته‌خت كه‌ ناونراوه‌ (هۆڵى ته‌ڵاق) و جێگاى پتر له‌ (900) كه‌س ده‌بێته‌وه‌ . شایانى باسه‌ كاتێك دوو هاوسه‌ر ده‌یانه‌وێت جیا ببنه‌وه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌یه‌كى بچووك داده‌نرێن و كه‌سوكاریشیان له‌ دواى عه‌ره‌بانه‌كان ده‌وه‌ستن و هه‌موویان پێكه‌وه‌ ده‌چن بۆ هۆڵى (ته‌لاق) تا گوێبیستى دوا لێدانى چه‌كوشى جیابونه‌وه‌یان بن . ئه‌و چه‌كوشه‌ى كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كاردێت له‌ شێوه‌ى (بۆق)دایه‌ ، چونكه‌ (بۆق) له‌ فه‌رهه‌نگى یابانیه‌كاندا به‌ ماناى (گۆرِین) دێت . دواى شكاندنى ئه‌ڵقه‌ى هاوسه‌رێتى به‌ چه‌كوشه‌كه‌ هه‌ردوولا هه‌ستده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ كۆتایى ناخۆشیه‌كانه‌ و به‌م شێوه‌یه‌ دل و ده‌روونیان جارێكیتر تازه‌ ده‌بێته‌وه‌ .