نه‌بوونى ستراتیژێكی یه‌كگرتوو بۆ كاری هاوبه‌شی سیاسی له هەرێمى كوردستان به باوكی هه‌موو كێشه‌كان داده‌نریت. به‌مانایه‌كى تر نه‌بوونى ستراتیژێكی یه‌كگرتوو سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی كێشه‌كانه، چونكه تا ئێستا هه‌رچییه‌ك كراوه جگه له تاكتیكێكی ڕووکەش هیچی تر نه‌بووه. له ساده‌ترین مانادا جیاوازیی نێوان ستراتیژ و تاكتیك ئه‌وه‌یه كه ستراتیژ دوور مه‌ودایه و له‌سه‌ر بنه‌مای پێشبینییه‌كی زانستی داده‌نرێت، ده‌بیت گشتگیر و سه‌راپاگیر و هاوسه‌نگ بێت و كۆمه‌ڵه كه‌سانێكی كه‌م دایبرێژن. پێویسته به سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نى دابڕێژرێت كه جگه له لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار كه‌سی تر ده‌ستی تێوهرنهدات. ده‌بێت به جۆریك دابنرێت به‌رژوه‌ندیی باڵای گشتى و نیشتمانى له‌به‌رچاو بگیرێت، نه‌ك به‌رژوه‌ندی به‌رته‌سكی لایه‌نێكی دیاریكرا و یان كه‌س و خێزان و گروپێك. هه‌روه‌ها پێویسته واقعی بێت و ئامانجه‌كانى ڕۆشن بن و دوربێت له ئاڵۆزی. خه‌سڵه‌تێكی تری ستراتیژ ئه‌وه‌یه ده‌بێت شایه‌نی ئه‌وه بێت جێبه‌جێ بكرێت، نه‌ك خه‌یاڵی و ئایدیالی بێت، به‌ڵام هه‌رچی تاكتیكه مامناوه‌ند مه‌ودایه. بهشگیره نه‌ك سه‌راپاگیر و لە هەمان کاتیش‌دا كاتیه. ئامراز و شێوازی جێبەجێكردنى ستراتیژه. ئاستى ناوه‌ندی دامه‌زرواوه كاری له‌سه‌ر ده‌كات. پردی په‌یوه‌ندیی نێوان ستراتیژ و جێبه‌جێكاره.
ئه‌گه‌ر له‌و ڕاونگه‌یه‌وه بڕوانینه فه‌رمانڕه‌وایكردن و بهڕرێوهبردن و ئابووری و پایه‌كانى دەوڵەتداری و كاری دیپلۆماتى له هەرێمى كوردستان، ده‌رده‌كه‌وێت هه‌مووی به‌ده‌ره له ستراتیژ به‌ڵكو هه‌مووی كاتى و تاكتیكی بووه.
نه‌بوونى ستراتیژ له هەرێمى كوردستان له و كاته‌وه ده‌ست پێده‌كات كه ساڵى ١٩٨٦ لایه‌نه‌كان له چوارچێوه‌ی به‌ره‌ی كوردستانى خڕبوونه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی پێشبینی بكه‌ن بۆ دوای شۆڕش، واته له سه‌ر بنه‌مایه‌كی تاكتیكی یه‌كییان گرت نه‌ك ستراتیژی.
هه‌روه‌ها له دوای ڕاپەڕینیشه‌وه كه ده‌رفه‌ت و پاڵنه‌رێكی به‌هێزبوو بۆ دانانى ستراتیژی هاوبه‌ش، به‌ڵام به فیڕۆدرا. ئه‌وه بوو شەڕی ناوخۆی لێكهوتهوه. دوای شەڕی ناوخۆش ئاشتبوونه‌وه‌ی نێوان دوو هێزه‌كه‌ی هەرێمى كوردستان، ئه‌وه‌نده‌ی تاكتیكی بوو ستراتیژی نه‌بوو. ئاشتییه‌ك بوو به‌بێ شرۆڤه‌كردنى داهاتوو، به‌بێ ئه‌وه‌ى دیدگایه‌كی یه‌كگرتوو بهێننه ئاراوه بۆ دیاریكردنى دۆست و دووژمن.
دیسانه‌وه دوای ڕووخانى ڕژێمی سه‌دام و داڕمانى پایه‌كانى عیراقی به‌عسیزم، هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌ك قه‌واره و ستراتیژی هاوبه‌ش نه‌چووه ناو بنیاد نهنهوهی عیراقی نوێ. ڕوونتر ئامانجێكی دیاریكراوی نه‌بوو، نه‌یزانى چی ده‌وێت.
ده‌رفه‌تێكی تری دانانى ستراتیژی هاو به‌ش خۆپیشاندانه‌كانى ١٧ شوباتى ساڵى ٢٠١١ بوو، به‌ڵام سه‌ركردایه‌تیی باڵاى كورد دیسانه‌وه ئه‌وه‌شی پشت گوێخست.
دوای ئه‌وه‌ش سه‌رهه‌ڵدانى داعش و وه‌ك مه‌ترسییه‌كی گه‌وره كه هاوكات بوو له گه‌ڵ ئاشتبوونه‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات، به تایبه‌تی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و بهشداریكرنى له حكومه‌ت و پرۆسه‌ی سیاسی به پاكێجی چاكسازی سیاسییه‌وه، ده‌رفه‌تى نموونه‌یی بۆ داڕشتنى ستراتیژێكی یه‌كگرتوو ڕه‌خسا، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر ئه‌م هه‌له نهقۆسترایهوه به‌ڵكو له بار برا.
ئه‌وانه‌ی ئاماژه‌ی پێكرا كۆمه‌ڵێك ده‌رفه‌ت بوو بۆ دانانى سیاسه‌ت و ستراتیژیی هاوبه‌ش كه ده‌كرا له ڕێگه‌یه‌وه جیهانبینییه‌كى یه‌كگرتوو دا بنرێت بۆ گه‌شه‌پیدانى پایه‌كانى ده‌وڵه‌تداری و حكومكردن له هه‌رێمی كوردستان و دیاریكردنى دۆست و دوژمنه‌كانمان، به‌ڵام سوودی لێوه‌رنه‌گیرا.
ئاخۆ هۆكاری نه‌بوونی ستراتیژی یه‌كگرتوو له دوای ٢٥ سالى رابردودا ی هەرێمى كوردستان چییه؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره پێوستی به لیكۆڵینه‌وه و به دواداچوونى زانستی ورد هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ڕوونه و ده‌كرێت بە کورتى و لەم چەند خاڵەى خوارەوەدا بیان خه‌ینه‌ڕوو ئه‌مانه‌ن :-
- نه‌بوونى ڕۆشنبیری و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی په‌ره‌سه‌ندوو له لایه‌ن خه‌ڵك و سه‌ركردایه‌تیی باڵاوه.
- تێنه‌په‌ڕاندنى ئینتما له سنووری خێزان و هۆزگه‌ری له هاوكێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی هەرێمی كوردستان.
- چه‌سپاوی كاره‌كته‌ری شۆڕشگێڕیی سه‌رده‌می شۆڕش به كایه‌ی سیاسی و ئیداری و حكومڕانیی هه‌رێم، به‌بێ خۆ ئه‌بدی دكردنییان به ڕۆشنبیریی سیاسی و كاری مه‌ده‌نیی هاوچه‌رخ.
- لاوازی زانكۆكان و ناوه‌نده‌كانی تر و ته‌نانه‌ت نوخبه‌ی ڕۆشنبیر له وروژاندنى ئه‌م پرسه و باسنهكردن و ئاماژه بۆ نه‌كردنی.
- كه‌م تواناییى سه‌ركرده‌ی سیاسی له پیشبینینكردن و شرۆڤه‌كاری ڕووداوه‌كان بۆ ئێستا و ئاینده، به‌جۆرێك سه‌ركرده‌ی باڵای سیاسی له هەرێمی كوردستان سروشتی سه‌رمایه‌داری كوردستانییان هه‌یه، هه‌روه‌ك چۆن سهرمایهدارهكانمان بیر له پرۆژه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری دوورمه‌ودا و داهاتوو ناكه‌نه‌وه. هه‌موو ئامانج و هه‌وڵێكیان ئه‌وه‌یه خێرا خێرا قازانجیان به‌ده‌ست بكه‌وێت و به‌چاوی خۆیان بیبینن، ئاواش سه‌ركرده‌ی باڵای كوردستان هه‌مان بیر له پرۆژه‌ی سیاسیی داهاتوو ناكه‌نه‌وه.
- نه‌بونى خه‌ونی گه‌وره، خه‌ونه‌كانى سه‌ركرده به تایبه‌تی و خه‌ونه‌كانى خه‌ڵكی به گشتى زۆر بچووكن، ئه‌وه‌نده بڕ ئه‌كه‌ن تا له ژیانا ماون چۆن چێژ له ده‌سه‌ڵات و ناو و پێگه و ناو بانگی وه‌رگرن. خه‌ونه‌كانیان تا ئه‌و كاته به‌رده‌وامه كه زیندون، له‌گەڵ مه‌رگی خۆیان خهونهكانیشیان كۆتایی دێت. خه‌ونی دوای خۆیان ته‌نها بۆ هێنانه پێشه‌وه‌ی كوڕ و وه‌چه و ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌كانیانه بۆ ناو كایه‌ی سیاسی و سه‌رمایه‌گوزاری.
ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌م پێكردن هۆكار گه‌لێكی سه‌رپێی بوون سه‌باره‌ت به نەبوونی ستراتیژی كاری هاوبه‌ش بۆ په‌ره‌پیدانی سیاسی له هەرێمى كوردستان، كه ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی ئه‌م هه‌موو كێشه و گرفته جۆراوجۆرانه‌ی لێكه‌وتووەته‌وه.