پياوێکی دانيشتووی ويلايەتی فلۆريدای سەربە ئەمريکا، لەسەر ئامێری ئايفۆن کۆمپانيای ئەپڵ دەداتە دادگاو داوای پارەيەکی زۆريش دەکات وەک قەرەبوو پێی بدرێت.
تۆماس رۆس، بەهۆکاری بردن و کۆپی کردنی ديزاينەکەی لەلايەن کۆمپانيای ئەپڵەوە، کەيسەکەی بردۆتە دادگای فلۆريدا و هيوايەکی زۆريشی هەيە کە براوە دەبێت و بڕی ١٠ مليار دۆلار وەک قەرەبوو وەردەگرێت.

بەپێی راپۆرتێکی پێگەی دەيلی مەيڵ، لە ٢٣ی ئازاری ١٩٩٢ بۆ ١٠ی تشرينی هەمان ساڵ، تۆماس رۆس ديزاينی ئامێرێکی مۆبايلی کێشاوەو کە لە ئێستای ئايفۆنەوە زۆر نزيکە و تايبەتمەندييەکانيان لە يەک دەچن.
هەروەها بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی خستوونێتيە روو، تۆماس رۆس ديزاينی سێ ئامێری مۆبايلی کردووەو تايبەتمەندييەکانيشی لەسەر کاغەزەکە نووسيون، لە تشرينی دووەمی ١٩٩٢ پڕۆژەکانی خستۆتە بەردەم لايەنی پەيوەنديداری ئەمريکا بەڵام لەوکاتەدا پشتگوێ خراوەو وەڵاميان نەداوەتەوە، تا لە ساڵی ١٩٩٥ نووسينگەيەکی تايبەت بە بەرنامەکانی کردۆتەوە.

لە لێدوانێکيدا تۆماس رايگەياندووە لەوکاتەدا ئەو بيرۆکانەی داڕشتووە کە مۆبايل بتوانێت چيرۆک و وتار و هەواڵ بخوێنێتەوە، هەروەها سەيری وێنە و ڤيديۆ و فيلم بکات، لەگەڵ بوونی تەچ سکرين لەگەڵ ئەوەی ئامێرەکە رێگە بە بەکارهێنەر بدات شت بنووسێت و هەڵيبگرێت، لەگەڵ بوونی ميمۆری ناوەکیی و دەرەکیی.
هەروەها وتەبێژێکی کۆمپانيای ئەپڵ رەتیکردۆتەوە قسە لەسەر ئەو بابەتە بکات و ئامادەنەبووە هيچ لێدوانێک لەوبارەيەوە بدات.
لە ئێستادا راگەياندنەکان چاودێریی ئەو بابەتە دەکەن و بە گرنگييەوە لێی دەڕوانن چونکە لەکاتی بردنەوەی کەيسەکە لەلايەن تۆماسەوە کۆمپانيای ئەپڵ گورزێکی کوشندەی بەردەکەوێت.
جێگەی بيرهێنانەوەيە ئامێری ئايفۆن بەرهەمی کۆمپانيای ئەپڵەو يەکەم نەوەی لە ساڵی ٢٠٠٧ خرايە بازاڕەکانی جيهانەوە واتە ١٥ ساڵ لەدوای ديزاينەکەی تۆماس رۆس.

