فەیسبوک تایبەتەمەندییەکی گرنگ بۆ ئەپی مەسنجەر زیاد دەکات کە لە ڕێیەوە بەکارهێنەران دەتوانن نامەکانیان بە نهێنی بکەن و بیشارنەوە.
لە ماڵپەڕی ئیندیپێندنتی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، فەیسبوک تایبەتمەندییەکی گرنگ بەناوی " secret conversatios" "گفتوگۆ نهێنییەکان" بۆ مەسنجەر زیاد دەکات کە لەڕێیەوە بەکارهێنەر دەتوانێت گفتوگۆ و نامەکانی لەگەڵ هاوڕێ نزیکەکانیدا بشارێتەوە.
هاوکات ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، تایبەتمەندییەکە وا دەکات کە تەنها نێرەر و وەرگر نامەکانی خۆیان ببینن و تەنانەت فەیسبوکیش ناتوانێت بیانبینێت.
لە لایەکی ترەوە کۆمپانیای فەیسبوک رایگەیاندووە، تایبەتمەندییەکە سەرەتا لەژێر تاقیکردنەوەدا دەبێت و تەنها بۆ ژمارەیەکی کەم لە بەکارهێنەران بەردەست دەبێت پێش ئەوەی بگاتە سەرجەم بەکارهێنەران.
ئەمەش لەکاتێکدایە واتسئەپ کە فەیسبوک خاوەنداری دەکات لە ئێستادا ئەو تایبەتمەندییەی هەیە، هەروەها کۆمپانیای ئەپڵیش لە ئای مەسجدا بەکاریدەهێنێت.
هاوکات لەماوەی ڕابردووشدا ڤایبەر تایبەتمەندی شاردنەوەی نامەکانی زیاد کرد کە لەڕێگەی دانانی کۆدێکەوە بەکارهێنەر دەتوانێت گفتوگۆکان لەگەڵ هاوڕێ و خزمانیدا بشارێتەوە.
مەسنجەر کە هاوشێوەی واتسئەپ و ئینستاگرام سەربە کۆمپانیای فەیسبوکە، لە ئێستادا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن بەکارهێنەری هەیە.