فەیسبووک ڕێگری لە کردنەوەی ویکیلیکس دەکات
ڕۆژی شەممە ٢٣ تەمووزى ٢٠١٦ ماڵپەڕی ویکیلیکس لە هەژمارەکەیدا لە تویتەر کۆمپانیای فەیسبووکی تۆمەتبار کرد بە ڕێگریکردن لە کردنەوەی ئەو ئیمەیڵانەی ئاشکرای کردوون.
ویکیلیکس لە بەرامبەر ئەم کارەدا ڕێگایەکی دیکەی خستووەتە بەردەستی بەکارهێنەران و پێشنیاز دەکات لە لینکێکی نوێوە وێبسایتەکە بکەنەوە:
https://archive.is
هەندێک سەرچاوەی دیکەش باس لەوە دەکەن کە فەیسبووک سیستمێکی پارێزگاریکردنی هەیە بۆ ڕێگەگرتن لە کردنەوەی ئەو لینکانەی بە سپام ناسراون و کەسانێکی زۆر هەڵدەستن بە ناردنیان.
پێشبینی دەکرێت ئەم گرفتەی ویکیلیکسیش پەیوەندی بەو سیستمەوە هەبێت و وەکو هەڵەیەکی ڕێتێچوو باسی لێوەدەکرێت.
لە بەرامبەریشدا بەرپرسێکی بەشی ئاماری فەیسبووک ڕایگەیاندووە، کە ئەو هەڵەیە هەرزوو چارەسەر کراوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی ڕابردوودا کۆمپانیای فەیسبووک بەوە تۆمەتبار کرابوو لایەنگری دەکات لە خستنە ڕووی هەواڵەکاندا لەسەر وێبسایتەکەی و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
|